زارا محەمەدی بە شێوەی كاتی ئازادكرا


زارا محەمەدی، مامۆستای زمانی كوردی و بەرپرسی ئەنجومەنی فەرهەنگی كۆمەڵایەتی نۆژین لەسەر داوای خۆی بە شێوەیەكی كاتی ئازادكرا.

رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردەوە "زارا محەمەدی، مامۆستای زمانی كوردی و بەرپرسی ئەنجومەنی فەرهەنگی كۆمەڵایەتی نۆژین، لە رۆژهەڵاتی كوردستان دوای شەش مانگ لە زیندانیكردنی، لە ناوەندی چاكسازی و پەروەردەی شاری سنە، بە سود وەرگرتن لە مافی ئازادبونی كاتی، گەڕایەوە ماڵەكەیان".

رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەكردوە،" باری تەندروستی باوكی زارا محەمەدی ناجێگیرە و چەند ڕۆژێكە لە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەیە و ناوەندە ئەمنییەكان بە مەبەستی چاوپێكەوتن لەگەڵ باوكی، ڕەزامەندییان نیشان داو، كە بۆ ماوەی 10 ڕۆژ مافی ئازادبوونی پێبدرێت هەتاوەكو سەردانی باوكی بكات".

زارا محەمەدی، مامۆستای زمانی كوردی رۆژی ٨ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ بەمەبەستی بەسەربردنی سزای پێنج ساڵ زیندانیكردن رەوانەی  ناوەندی چاكسازی و پەروەردەی شاری سنە كرا، پاش ئەوەی "تاوانی دانانی دەستە و گروپ دژ بە سیستەمی ئێران بە مەبەستی تێكدانی ئاسایشی نەتەوەیی بەسەردا ساغكرایەوە".



PM:09:28:26/06/2022