حكومەتی هەرێم هۆشدارییەكی توند دەداتە میدیاكان


وەزارەتی‌ رۆشنبیری حكومەتی‌ هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت "هەر راگەیاندنێك دژی‌ قەوارەی‌ هەرێم بێت بەتوندترین شێوە سزای‌ دەدەین".

بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ راگەیاندن‌ و چاپ‌ و بڵاوكردنەوەی‌ وەزارەتی‌ رۆشنبیری لە نووسراوێكدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن رایگەیاندووە "ئاگاداری‌ گشت میدیا بینراو و بیستراو و پۆرتاڵ‌ و رایەڵە ئەلیكترۆنیەكانیان دەكەینەوە، خۆیان بەدووربگرن لەبڵاوكردنەوەی‌ هەر بابەتێك دژی‌ قەوارەی‌ هەرێمی‌ كوردستان‌ و دروستكردنی‌ ترس‌ و گومان بێت لەسەر سەقامگیریی هەرێمی‌ كوردستان".

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "بڵاوكردنەوەی‌ ئەو بابەتانە ناچنە چوارچێوەی‌ ئازادیی رادەربڕینەوە، بەتایبەتیش لەباری‌ هەستیاری‌ ئێستادا كە هەرێمی‌ كوردستان وەك قەوارەیەك لەلایەن نەیارانیەوە رووبەڕووی‌ چەندین شێوازی‌ دوژمنكاریانەی‌ پڕ مەترسی‌ بوەتەوە".

بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن دەڵێت "لەم كاتەدا ئەم هەڵسوكەوتە نابەرپرسانە لەلایەن هەر دەزگاو رایەڵێكی‌ میدیاییەوە بكرێت، دوورە لەیاساو لۆژیك‌و پێچەوانەی‌ مادەی‌ سێیەم/ بڕگەی‌ سێیەمە لە رێنمایی ڕێكخستنی‌ فریكوینسی‌ سپەیس لەهەرێمی‌ كوردستان، بۆیە وەزارەتمان ئەركی‌ خۆیەتی‌، رێكاری‌ یاسایی توند بەرامبەر بەسەرپێچیكارانی‌ یاساو رێنماییەكان بگرێتەبەر".



PM:10:12:26/06/2022