وێنە.. پێشکەشکارێکی ناسراوی کەناڵی کوردستان ٢٤ دەستی لە كاركێشایەوە

یادگار فایەق پێشکەشکاری دیاری کەناڵی کوردستان ٢٤ دوای پێشکەشکردنی چەند بەرنامەیەک لە کەناڵەكە دەستی لەکارکێشایەوە. 

یادگار فایەق بێژەر و پێشکەشکار لە پۆستێکیدا لە فەیسبوک دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە کەناڵی کوردستان ٢٤ی پارتی راگەیاند و دەڵێت" لێرەوە رایدەگەیەنم کە هیچ پەیوەندییەکم بە کەناڵی کوردستان٢٤ـەوە نەماوەو بە ویستی خۆم دەستم لە کەناڵەکە کێشاوەتەوە". 

ئەوەشی خستەڕوو، دوای پێشکەشكردنی تەنها حەوت ئەڵقە لە بەرنامە نوێیەکەم (نەرمەهێز) بڕیارمداو و دەستم لە کوردستان ٢٤ کێشایەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

یادگار فایەق: دەسـتـم لە کوردستان ٢٤ (K24) کـێـشـایـەوە!
لێرەوە رایدەگەیەنم کە هیچ پەیوەندییەکم بە کەناڵی کوردستان٢٤ـەوە نەماوەو بە ویستی خۆم دەستم لە کەناڵەکە کێشاوەتەوە.
پێویستە بڵێم:

شانازییە بۆ خۆم و خێزان و کەسوکار و هاوڕێ و دۆستەکانم کە هەرگیز کارەکەمم بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن و بینەر بە گێل زانین بەکارنەهێناوە، هەرگیز نەمویوستوە بەرنامەکانم زیان بە خێزان و خەڵک و ئاشتەوایی کۆمەڵگە بگەیەنن. سوپاس بۆ خوا و بە تەحەداوە دەڵێم نەمویستوە ببم بە خاوەنی بزنسی خۆم لەسەر پشتی میدیا و دەستم لەگەڵ هیچ بەرپرس و بازرگانێک تێکەڵ نەکردوە بۆ ئەوەی لە رووی مادییەوە خۆم، یان هیچ کەسێکی نزیک/خێزانەکەم سوودمەند بین و پیشەکەم وەکو پێشکەشکار بەکار نەهێناوە بۆ لێدانی هیچ کەس و دامەزراوە و لایەنێک وەکو هەندێک بەناو راگەیاندنکاری چاپلوس و رۆژنامەنووسی خەڵـکـخـەڵـەتـێـنـە دەیکەن و ناوی پیشەکەیان هێندە پیس کردوە، مرۆڤ بە شەرمەوە دەڵێت منیش لەم بوارەم. هەرگیز بۆ خۆبردنەوە پێشەوە کەرامەتی خۆمم پێ-شێل نەکردوەو ئەخلاق و پەروەردەیشمان رێگەی ماستاو و ‘مامە حەمە’یی و مەرایی بۆ هیچ کەس پێ نەداوین و نادەن. بێ منەتیش بن ئەوانەی دەتوانن پێچەوانەی ئەم قسانەم بسەلمێنن!

دوای پێشکەشكردنی تەنها ٧ ئەڵقە لە بەرنامە نوێیەکەم "نەرمەهێز" بڕیارمداو و دەستم لە کوردستان ٢٤ کێشایەوە، هۆکارەکان زۆرن و لەبەر حورمەتی پیشەیی بوون و ئەو ماوەیەی لەو کەناڵە بووم، هیچ ناڵێم. هیواداریشم پەیجەکانی سێبەر و بنـدیوار و بەرهەتاویش رێز لەم بڕیارە بگرن و هیچ نەڵێن.. تا ناچار نەبین شت بڵێین!

ئێوە و کوردستان لە ئەمانەتی خوادا بن
یادگار فایەق


PM:03:12:27/06/2022