دوێنێ سێشەممە هەردوو وڵاتی سوید و فینلاند دوای ئەوەی بەشی زۆری مەرجەکانی تورکیایان پەسەند کرد بوون بە ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆ.
میدیاکانی وڵاتی سوید ژمارەیەک بەندیان بڵاوکردۆتەوە، کە سوید و فینلاند دەبێت پابەند بن پێوەی بەرامبەر بەوەی بوون بە ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆ.
ماڵپەڕی (سپی) لە تێلیگرام جۆین بکە:
بەپێی ئەو خاڵانەی کە میدیاکانی سوید ڕایانگەیاندووە و نوسەری دیاری کورد ئەحمەد ئەسکەندەری وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی بریتین لە:
١-سوید و فینلاند پشتیوانی تەواوی خۆیان لە تورکیا دەردەبڕن بەرامبەر بەو هەڕەشەیەی دەکرێتە سەر ئاسایشی وڵاتەکەی و چی دی پشتیوانی ناکەن لە ڕێکخراوەکانی وەکوو یەپەگە، پەیەدە و بزووتنەوەی گیوولەن.
٢- سوید و فینلاند قبووڵی دەکەن کە دژ بە چالاکانی پ ک ک هەنگاو هەڵگرن، چ بەرامبەر بە لقە جۆراوجۆرەکانی و چ ئەوانی تر کە بە واتای تورکیا ڕێکخراوی تێرۆریستیین. سێ وڵاتەکە هەوڵەکانیان یەک دەخەن بەرامبەر بە دژەتێرۆریسم.
٣ – سوید و فینلاند دەیسەلمێنن کە هیچ گەمارۆیەکی هەناردە کردنی چەک بۆ تورکیا نییە و سوید هەوڵ دەدات یاساکانی وەها ڕێک بخات کە بگونجێت لەگەڵ هەناردەکردنی چەک بۆ هاوپەیمانانی ناتۆ.
٤ – بە هەموو ڕێگایەک دەست دەکەن بە هاوکاری نزیک لەگەڵ دەوڵەت، پۆلیس و دەزگای ئاسایشی تورکیا لە هەموو بوارەکاندا دژ بە تێرۆریسم، تاوانکاریی ڕێکخراو و باقی کێشەکان.
٥ – سوید و فینلاند ڕێککەوتنێک بۆ تەحویلدانەوەی کەسەکان لەگەڵ تورکیا واژۆ دەکەن.
٦ – سوید و فینلاند قبووڵی دەکەن و لێکۆڵینەوە دەکەن بۆ وەستاندنی یارمەتییدانی دارایی بە پ ک ک و تاقمە تیرۆریستەکانی دیکە.
٧ – سوید و فینلاند لە بەرامبەر ئەو کارانەدا دەوەستنەوە کە لایەنی تورکی پێی دەڵێ "بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە" و بە چەشنێک یاساکانیان ڕێک دەخەن کە چی دی نەبێتە بازاڕێک لە لایەن تاقمە تێرۆریستەکانەوە بۆ دنەدانی توندوتیژی بەرامبەر بە تورکیا.
٨ – مێکانیسمێکی هاوکاریی لە نێوان ئەم وڵاتانە دادەمەزرێت بۆ ئەوەی چاوەدێری جێبەجێ کردنی خاڵەکانی ئەم ڕێککەوتنە بکات