سەرۆكی ئۆكرانیا داوایەك لە یەكێتی ئەوروپا دەكات



ڤۆڵۆدمیر زلێنسكی، سەرۆكی ئۆكرانیا رایدەگەیەنێت "یەكێتی ئەوروپا دەكات بەخێرایی هەنگاوەكانی بون بە ئەندامی ئۆكرانیا بۆ ناو یەكێتییەكە پەسەند بكەن و تایبەتمەندی زیاتر بە وڵاتەكەی بدرێت".

ڤۆڵۆدمیر زلێنسكی، سەرۆكی ئۆكرانیا لە پەرلەمانی وڵاتەكەی وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند "ئەمڕۆ پەیماننامەیەكی هاوبەش لەنێوان هەموو وەزارەتەكانی حكومەت واژۆ دەكات بۆ ئەوەی بەیەكەوە كار بۆ ستراتیژییەتی هاوبەشی ئۆكرانیا بكەن، كە بریتییە لە ئەندامێتی تەواو لە یەكێتی ئەوروپا". 

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد "واژۆكردنی پەیماننامەكەش هەمان مانای واژۆكردنی داواكاری وڵاتەكەی هەیە بۆ بون بە ئەندام لە یەكێتی ئەوروپا كە پێنجەم رۆژی هێرشەكانی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا واژۆی كرد، بەجۆرێك دامەرزاوە سەرۆكایەتییەكانی ئۆكرانیا و گەل و حكومەت لەبارەیەوە كۆدەنگ بون و بەیەكەوە بڕیاریان لەسەر دا".

سەبارەت بە رێكارەكانی بون بە ئەندامیش لە یەكێتی ئەوروپا، سەرۆكی ئۆكرانیا داوایكرد تایبەتمەندی بدرێت بە ئۆكرانیا و بە خێرایی رێكارەكان تەواو بكرێن، لەبەرامبەریشدا كیێڤ هەموو رێكارێك دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی مەرجەكانی بون بە ئەندام لە یەكێتی ئەوروپا جێبەجێ بكات.

پەیامەكەی زیلینسكی لە كاتێكدا ماوەی زیاتر لە چوار مانگە سوپای روسیا هێرشی بۆ ئەو وڵاتە دەستپێكردووە.



PM:04:45:01/07/2022