وێنە.. "تێرمیناڵی سەرەکی سلێمانی لە داهاتوویەکی نزیکدا دەکرێتەوە"

بەڕێوەبەری پرۆژەی تێرمیناڵی سەرەکی ئاشکرایکرد، لە ٢٥ی تەمموز تێرمیناڵەکە بە رووی هاوڵاتییاندا دەکرێتەوە.


 دێرین مستەفا بەڕێوەبەری پرۆژەی تێرمیناڵی سەرەکی سلێمانی ئەمڕۆ ٥ی تەمووز ڕایگەیاند "سەرەڕای هەبوونی چەندین ئاستەنگی وەک کۆرۆنا و کەرەنتینەکردن، بەڵام توانیمان لە ماوەی سێ ساڵدا پرۆژەکە تەواو بکەین".


وتیشی " پرۆژەکە لەسەر رووبەری ١٧٢ دۆنم دروستکراوە، سەرجەم هێڵەکانی گەراجی بەغدادی کۆن کە ژمارەیان هەزار و ٦٠٠ ئۆتۆمبێلە دێنە ئەم تێرمیناڵە، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی فشار و قەرەباڵخی لەسەر ئەو ناوچەیەی کە گەراجی بەغدادی کۆنی تێدایە، هەروەها لەناو پرۆژەکەدا بینایەکی مۆدێرن (هۆڵی چاوەڕوانی) بۆ گەشتیاران دروستکراوە کە رووبەرەکەی نزیکەی چوار هەزار مەتر دووجایە، لەناو ئەم بینایەدا هەمان سیستمی فڕۆکەخانە پەیڕەو دەکرێت و سیستمی ساردی و گەرمی تێدا بە باشترین شێوە تێدا فەراهەم کراوە".


ناو براو ئاماژەی بەوشکرد، لە ئێستادا پرۆژەکە ٪٩٢ی تەواو بووە و چەند کارێکی وردەکاری ماوەتەوە، بڕیاریشە لە ٢٥ی تەمموز بە تەواوی هێلەکان بێنە تێرمیناڵەکە و بە رووی هاوڵاتییاندا بکرێتەوە.



PM:04:54:05/07/2022