پێشبینییەك بۆ گەرمای رۆژانی جەژنی قوربان راگەیەنرا


پێشبینی دەكرێت تا كۆتایی جەژنی قوربان پلەكانی گەرما بەرزبوونەوەی ئەوتۆ بەخۆیانەوە نەبینن، بەڵام لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێكی بەتینی گەرما روو لە هەرێم دەكات.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی ئەمڕۆ ٤-٧-٢٠٢٢ لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "لە ئەنجامی بەردەوامی كاریگەری بارستە ھەوا فێنكەكان لەسەر كەشی وڵاتانی ناوچەكە ماوەیەكی زۆرە كاریگەری شەپۆلی گەرما لەسەر ناوچەكانمان كەمبووەتەوە، جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو كە لەم كاتەی ساڵدا پلەكانی گەرما بەرێژەیەكی بەرچاو بەرزدەبوونەوە".  

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "بەگشتی تا كۆتایی رۆژانی جەژنی قوربان پلەكانی گەرما بەرزبوونەوەی ئەوتۆ بەخۆیەوە نابینێتەوە زیاتر لە ئاستێكی جێگیردا دەمێنێتەوە".  

ئاراس جەبار روونیكردۆتەوە "بەگشتی پێشبینی دەكرێت لە رۆژانی ١٢ و ١٣ی ئەم مانگەوە شەپۆلێكی گەرما ھەرێمی كورستان و وڵاتانی ناوچەكە بگرێتەوە بۆ ماوەی ھەفتەیەك یان زیاتر بەدیاری نەكراوی كاریگەرییەكانی بمێنێتەوە و پلەكانی گەرما لە سەنتەری پارێزگاكانی ھەرێمدا لەو ماوەیەدا بەرز ببنەوە لەنێوان ٤٤ بۆ ٤٧ پلەی سەدی و لەناوچەكانی گەرمیانیش لەنێوان ٤٧ بۆ ٥٠ پلە".  



PM:11:19:05/07/2022