بارەگای بارزانی سەبارەت بە كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق روونكردنەوە دەدات


بارەگای بارزانی رەتیدەكاتەوە، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە ناوی كاندیدانی سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیامی بۆ سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی ناردبێت.

بارەگای بارزانی لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "لە ژمارەیەك دەزگای ڕاگەیاندن و میدیادا وا بڵاو بووەتەوە كە لەسەر بابەتی پڕۆسەی سیاسی و ناوی كاندیدانی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی داهاتووی عێراق، سەرۆك بارزانی پەیامی جیاوازی بۆ سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی ناردووە".

بارەگای بارزانی وتویەتی "لێرەدا بە گشت لایەك ڕادەگەیەنین كە ئەو هەواڵە دوورە لە ڕاستی و هیچ بنەمایەكی نیە، لەگەڵئەوەشدا جەخت لەوە دەكەینەوە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و حكوومەتی داهاتوودا، ناوی كەس و لایەن بە لای سەرۆك بارزانیەوە گرنگ نیە، بەڵكو جێبەجێكردنی دەستوور و، بەرنامەی حكوومەتی داهاتووی عێراق گرنگە كە هاوكات ئەو بەرنامەیە دەبێ لەسەر بنەمای هەر سێ پڕەنسیپی شەراكەت و هاوسەنگی و سازان بێت".



PM:11:04:06/07/2022