چەند خانەنشین لەچاوەڕوانی وەرگرتنی مووچەکانیان دۆخی تەندروستیان تێکچوو

بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ پێنجشەممە، پێنج خانەنشین لەبەردەم بانکەکانی سلێمانی لە چاوەڕوانی مووچەکانیان دۆخی تەندروستیان تێکچووە.


سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی ١٢٢ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند " پێنج خانەنشین لەبەردەم بانکەکانی سلێمانی لە چاوەڕوانی مووچەکانیان دۆخی تەندروستیان تێکچووە، چوارییان لە شوێنی خۆیان تیمەکانمان لەناو ئەمبوڵانس چارەسەریان بۆ کردوون، بەڵام یەکێکیان گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی شار بۆ چارەسەر".

باسی لەوەشکرد، ئەو خانەنشینەی گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی شار ناوی (محەمەد ڕۆستەم)ـە و تەمەنی ٦٩ ساڵە و چارەسەری پێویستی پزیشکی بۆ ئەنجامدراوە و کەمێکی تر رەوانەی ماڵەوەی دەکەنەوە.

بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی سامان نادر، رەتیشیکردەوە هیچ خانەنشینێک لەسەر وەرگرتنی مووچەکەی یان کە گەیەنرابێتە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دابێت.



PM:02:53:07/07/2022