مالیکی: دەبێ سبەینێ کاندیدی گەورەترین کوتلە رابسپێردرێت بۆ سەرۆکی وەزیران

نوری مالكی سەرۆك وەزیرانی كاربەرێكەری عیراق رایگەیاند، بەپێی دەستور دەبێت كاندیدی گەورەترین فراكسیۆنی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رابسپێردرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراق، هەروەك دەبێت سبەینێ ئەوكارە بكرێت.

لە وتاری هەفتانەیدا مالكی وتی: پابەند نەبوونی لایەنەكان بە دەستورەوە، دەرگا بەرووی دۆزەخدا دەكاتەوە و دەبێت سەرجەم لایەنە سیاسیەكان بۆ چارەسەركردنی جیاوازییەكانیان بگەڕێنەوە بۆ دەستور نەك پەنابردن بۆ لایەنی دەرەكی كە بۆ مەرامی خۆی ئاژاوە لەعیراقدا دروست دەكات.

مالكی رایگەیاند، " رێز لەهەموو جیاوازیی لایەنە سیاسیەكان دەگرین و بۆ چارەسەركردنی كێشەكان كار بە دەستور دەكەین"، وتیشی: بەرپرسانی عیراق لێپرسراوان لە جێبەجێكردن و كاراكردنی بڕگەكانی دەستور و نابێت هیچ كەس و لایەنێك لە بڕیارەكانی دەستور بچنە دەرەوە".

مالكی ئەوەشی خستەڕوو، "عیراق توانی دوو قۆناغ لەبنیاتنانی پرۆسەی سیاسی لەوڵات سەركەوتووانە بەڕی بكات و دوو قۆناغی دیكەی لەبەردەمدا ماوە سەبارەت بە دەستنیشانكردنی جێگری سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی داهاتووی حكومەتی عیراق".

مالكی وتی: پرسی راسپاردنی گەورەترین فراكسیۆن بۆ پێكهێنانی حكومەت بە پێی دەستور دەبێت و لەوەزیاتر قبوڵ ناكەین، هەروەك لادان لەدەستور رێكردنەوەیە بۆ سەرهەڵدانی كاری نەشیاو لە عیراق.

مالكی ئەوەشی خستەڕوو، " پێشتر هۆشدارییان داوە لەمەترسییەكانی داعش و رێكخراوەكانی قاعیدە و هاوپەیمانەكانی لە گروپە تیرۆریستیەكانی دیكەی ئەجێندای وەهابی جێبەجێ دەكەن"، وتیشی: بیری وەهابی هەڕەشەیە بۆسەر سەرجەم موسڵمانان  و خوێنی هەموو موسڵمانێك حەڵاڵ دەكات بەبێ جیاوازیی.

مالكی ئەوەشی ئاشكراكرد، "داعش مەترسییە بۆ سەرجەم پێكهاتەكانی وەك كورد و مەسیحی و ئێزدی و پێكهاتەكانی دیكەی عیراق"، دەشڵێت: ئەوانەی كە ئاگادارمان كردنەوە لە هەڕەشەی دروستكردنی داعش لەئێستادا خۆیان بوونەتە قوربانی هەڕەشەكانی داعش.

نوری مالكی باسی لەوەشكرد، " وڵاتانی دراوسێ ئاگادار كراونەتەوە لەوەی داعش هەڕەشەی بۆسەر خۆشیان و ناوچەكەش هەیە "، داواشیكرد، وڵاتانی ناوچەكە پشتیوانیی بكەن بۆ بەرپەرچدانەوەی داعش و رێگرتن لەهێنانەدی مەرامەكانیان، هەروەك بەپێویستیشی زانی "داعش كۆنترۆڵ بكرێت پێش ئەوەی لەوەزیاتر تەشەنە بكات".

مالكی وتی: دەبێت رێنەدەین بە كۆنە بەعسی و گروپە چەكدارەكان بتوانن ئامانجەكانیان بێننە دی، هەربۆیە پێویستە كاربكەین بۆ پڕچەككردنی ئەو ناوچانەی لەلایەن داعشەوە داگییر كراون.

بەوتەی مالكی، "داعش گەورەترین خزمەتی بە ئیسرائیل و سیاسەتی ئەو وڵاتانە كردووە كە دروستیان كردووە"، دەشڵیت : ئاشكرایە داعش لەلایەن كێوە دروستكراوەو  بەهۆی سەرقاڵبوونی وڵاتانی عەرەب بە داعشەوە، ئیسرائیل كەوتۆتە وێزەی هاوڵاتیانی فەلەستین .

مالكی ئەوەشی راگەیاند كە، "لیژنەیەك پێكهێنراوە بۆ بەسەركردنەوەی ئەو خێزانە ئاوارانەی لەترسی هەڕەشەكانی داعش ماڵوحاڵی خۆیان جێهێشتووە و دەربەدەری ناوچەكانی دیكە بووون"، وتیشی: هەموو هەوڵێك دەخەینە گەڕ بۆ گەیاندنی كۆمەك و هاریكاریی بەو خێزانانەی لە ئێستادا هیچ هاریكارییەكیان پێ ناگات و لەدۆخێكی دژواردا ژیان دەگوزەرێنن، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت هەموومان هاوكاریی یەكتر بكەین.  



PM:01:50:06/08/2014