بۆچی هێرشکرایە سەر کێلگەی کۆرمۆ؟
دوای هێرشەکە کام بەرپرسی عێراق سەردانی کرد ؟


لە کۆتایی مانگی حوزەیراندا چەند رۆژێک لە رێگای مووشەکی کاتیوشاوە هێرشکرایە سەر کێلگەی غازی کۆرمۆ، کتوپڕ هێرشەکە راگیرا، هۆکاری راوەستانی هێرشەکان چی بوو، دوای راوەستانی هێرشەکان کام بەرپرسی عێراقی سەردانی کێلگەی غازی کۆرمۆ و کۆمپانیای دانا غازی ئیماراتی کرد؟ ئەم راپۆرتە وەڵامی ئەو دوو پرسە گرنگە دەداتەوە.

دانا غازی ئیماراتی، لە بارەی هێرشە مووشەکییەکانی کرانە سەر کێلگەی گازی کۆرمۆ کە ئەوان کاری تێدا دەکەن، لە راگەیاندنێکدا ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد، ئەو هێرشانەی کراوەتە سەریان هیچ زیانێکی گیانی و مادی بەدواوە نەبووە، هەرچەندە دوو مووشەک لە کێڵگەی کۆرۆمۆ کەوتۆتەوە.

هەر لەو راگەیاندنەدا کە ٢٧ ی حوزەیران دانا غاز بڵاویکردەوە ئاشکرایدەکات " بەشێوەیەکی کاتی کاریان لە فراوانکردنی کێڵگەی کۆرمۆدا راگرت کە بە km250   ناسراوە".

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی " سپی " ئامانجی ئەو هێرشانە راگرتنی کارکردن بوو لەو بەشەی بە بەشی فراوانکردنی کێڵگەی کۆرمۆ ناسراوەو کە فراوانکردنەکی دەبێتە مایەی زیادکردنی بەرهەم غازی سروشتی و رەخساندنی دەرفەت بۆ ناردنە دەرەوەی لە هەرێمەوە بۆ تورکیا و لەوێوە بۆ ئەوروپا.

دەربارەی ئەو لایەنانەی کە ئەو هێرشە مووشەکیانەیان کردە سەر کێڵگەکە، زانیارییەکانی " سپی " ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ئەو لایەنانەن کە راستەوخۆ کۆماری ئیسلامی ئێران لێیان بەرپرسە و لە ژێر فەرمانی ئەواندا جوڵە دەکەن و هێرشدەکەن، هەر بە فەرمانی ئێرانیش ئەو چەند رۆژە هێرشیان کردە سەر کێڵگەی کۆرمۆ.

" سپی " زانیوویەتی ئیدارەی یەکێتی لەگەڵ ئەمەریکییەکان سەرقاڵی ئەوەبوون کە بەرهەمهێنانی غازی کێڵگەی کۆرمۆ زیاد بکرێت و ئەو زیادەیەی بەرهەمدەهێنرێت بفرۆشرێت بە ئەورپا کە ئێستا بەهۆی کەمبوونەوەی غازی روسیاوە ئەو وڵاتانەی رووبەڕووی قەیرانی گەورە کردۆتەوە.

دانا غاز و یەکێتی نەگەیشتنە ئەوەی بەرهەمهێنانی غازی کێڵگەی کۆرمۆ زیاد بکرێت، ئێرانییەکان بەو رێککەوتنەیان زانی و، لە ڕێگای گرووپە شیعە وەلائییەکانەوە هێرشی مووشەکیان وەک ئامڕزاێکی گووشارکردن خستە سەر کۆمپانیاکە و یەکێتی و لە ئەنجامدا، پرۆسەی زیادکردنی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکە راگیرا.

دوای تەواوبوونی مووشەکبارانی کێلگەی کۆرۆمۆ و شکستخواردنی پلانی ناردنە دەرەوەی غازی سروشتی لە ژێر سەرپەرشتی ئەمەریکا و بەرێککەوتن لەگەڵ یەکێتی، لە کۆتایی مانگی رابردوودا وەزیری نەوتی عێراق، ئیحسان عەبدولجەبار بە نهێنی بۆ چەند رۆژێک سەردانی کێڵگەکە و کۆمپانیای داناغازی کردووەو لە نزیکەوە لە سەرچۆنێتی بەرهەمهێنان و ئەو رێژەیەی بەرهەمی دەهێنن و ئاستی فراوانکردن و زیادکردنی بەرهەمهێنان، لەگەڵ بەرپرسانی کۆمپانیاکە و کێڵگەکە کۆبۆتەوە.

      بەرهەمی کێڵگەی کۆرمۆ لە ئێستادا رۆژانە ٤٥٢ ملیۆن پێ سێجا غازی سروشتی بەرهەمدەهێنێت کە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیە، هەروەها (lpg) رۆژانە  هەزار ٥٠ تەن بەرهەمدەهێنرێت، هەرچی كوندینسنت رۆژانە ٢٢ هەزار  بەرمیل بەرهەم دەهێنرێت و لەگەڵ نەوت تێکەڵ دەکرێت و دەێنردێتە دەرەوەی هەرێم و دەفرۆشرێت. 
 



PM:10:32:15/07/2022