مانگی ٨ ناوی ئەوکەسانەی شوقەی کرێنشینی وەردەگرن بڵاو دەکرێتەوە

ناوی ئەوکەسانە ئاشکرا دەکرێت كە بۆ ٢٠ هەزار شوقەكەی كرێچییان ناوی خۆیان تۆمار كردووە ، مانگی هەشت ناوەکان ئاشکرا دەکرێت.

 

 

ئەمڕۆ پێنج شەممە، ٢١ی حوزەیران، د.محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە میدیای پارتیی ڕاگەیاند، "هەوڵ دەدەین لە مانگی هەشتی ئەمساڵ ناوی ئەو كەسانە رابگەیەنین كە ناوی خۆیان بۆ شوقەی كرێچییان تۆمار كردووە".

 

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەوڵ دەدرێت پەلە بكرێت لە جیاكردنەوەی ناوی ئەو كەسانەی شایستەن بۆ وەرگرتنی یەكەی نیشتەجێبوون و فۆڕمی ئۆنلایینیان پڕ كردووەتەوە، بەتایبەت لە گەرمیان و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و سۆران و زاخۆ كە ژمارەی ئەوانەی فۆڕمیان پڕ كردووەتەوە كەمترە بەراورد بە شارە گەورەكانی وەكو سلێمانی و هەولێر، كەخەڵكێكی زۆرتر فۆڕمیان پڕ كردووەتەوە."  

 

 

ناو براو باسی لەوەشکرد، ژمارەی ئەو كەسانەی فۆڕمی وەرگرتنی یەكەی نیشتەجێبوونیان لە فۆڕمی ئۆنلاین پڕ كردووەتەوە، ژمارەی ڕاستەقینە نییە، ڕەنگە كەم تا زۆر خەڵكێك هەبێت چەند جارێك ئەو فۆڕمەی پڕكردبێتەوە، یان خەڵكێك هەبێت مافی ئەوەی نەبێت یەكەكان وەربگرێت، بەڵام فۆڕمەكەی پڕ كردووەتەوە، بەڵام ئەكاونتێكی تایبەت لە هەر پارێزگا و ئیدارەیەكی سەربەخۆ دراوە بە لیژنەی باڵای ئیدارە و پارێزگاكان، كە ئەوان هەڵسەنگاندن بۆ ئەو كەسانە دەكەن، كە داواكارییان پێشكەش كردووە، بەدڵنیاییەوە ئەو ژمارەیەی داواكارییان پێشكەش كردووە كەمتر دەبێتەوە.

 

 

دەشڵێت "لەسەر فەرمانی سەرۆكی حكومەت لیژنەیەكی باڵا پێكدەهێندرێت، تاوەكو پڕۆسەكە خاوێن بێت، ڕێوشوێنی یاساییش بەرامبەر ئەو كەسانە دەگیرێتەبەر، كە شایستە نین، داواكارین لیژنەی ئیدارە سەربەخۆكان و پارێزگاكان لیستێك ڕەوانە بكەن، كە خەڵكێكی تەواو شایستە بن". 

 

 

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، وتیشی " ڕووبەری شوقەكان ٨٠ مەتری و ١٠٠ مەتری و ١٢٠ مەتری دەبن، وەکو نرخی خەمڵاندنی شوقەکان بۆ هاووڵاتییان، هەر مەترێک لەنێوان ٢٥٠ بۆ ٣٠٠ دۆلار دەبێت، قیستەکانیش١٢ بۆ ١٥ ساڵ دەبێت"

 

 

 




PM:05:54:21/07/2022