وەزیری سەدر لە بارەی تۆمارە دەنگییەکەی مالیکی ڕاگەیاندراوێک بڵاودەکاتەوە

ئەمڕۆ هەینی ٢٢ی حوزەیران، وەزیری موقتەدا سەدر لە بارەی تۆمارە دەنگییەکەی مالیکی، پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت " کەسێک کە بەردەوام هێرش دەکاتەسەر کورد و سوننە و داوای کوشتار و هەڵگیرسانی شەڕ دەکات، شایەنی حکومڕانی نییە".

 

ساڵح محەمەد عێراقی کە بە وەزیری موقتەدا سەدر ناسراوە ڕایگەیاند، "هەندێک کەس بە مەبەست گومان دەخەنەسەر ئەو تۆمارە دەنگییە دزەپێکراوانەی ئەم دواییە کە پشتڕاستکراوەتەوە."  

دەشڵێت  "لە تۆمارە دەنگییەکەدا ئەمانە هەن، سوکایەتیکردن بە گەلی عێراق و بە هێزە ئەمنییەکان هەیە، دروستکردنی فیتنە و  تۆمەتبارکردنی سەرکردە نیشتمانییەکانی بەبێ بەڵگە، کڕینی چەک و هاندان بۆ کوشتن، یاریکردن بە هەست و سۆزی خەڵک، خۆبەزلزانین و لوتبەرزی، قۆرخکردنی دەسەڵات، هەستی تائیفی و  هەوڵدان بۆ تێکدانی سەقامگیریی ئاسایشی نەجەف، پشتگیریکردنی میلیشیا نەناسراوەکان و فەرمانەکانی کوشتنی عێراقییەکان لە ژێر ناوی یاسا لە بەسرە و کەربەلای پیرۆز."  

ناوبراو وتیشی  "کوا یاسا، کوا دەسەڵاتی دادوەری؟، ئایا کەسێک کە میلیشیاکان کۆبکاتەوە بۆ هێرشکردنەسەر نەجەف، شایستەی ئەوەیە ڕابەرایەتی شیعەکان بکات و سەرکردایەتیکردنی نیشتیمانی بدرێتە دەست."  

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئایا ئەمە شایستەی حوكمڕانییە؟ کە بەردەوام کورد و سوننە و سەرکردەکانیان تۆمەتبار دەکات.  

لەبارەی هەڵوێستەکان دژی مالیکی دەڵێت  "یان دادپەروەری و جێبەجێکردنی یاسا، یان لایەنگری و پەردەپۆشکردن."    



PM:10:17:22/07/2022