"مووچەی كەمئەندامانی فەرمانبەر و خانەنشین نابڕدرێت و بۆیان دەکرێتە دەرماڵە"

وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" مووچەی كەمئەندامان نابڕدرێت، بۆیان كراوەتە دەرماڵە و لەگەڵ مووچەی فەرمانبەری، یان خانەنشینییەكەیان وەریدەگرن". 

كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاند" مووچەی كەمئەندامان نابڕدرێت، بۆیان كراوەتە دەرماڵە و لەگەڵ مووچەی فەرمانبەری یان خانەنشینییەكەیان وەریدەگرن". 
ئاماژەی بە ئەوەشكردووە، دۆسیەی ئەو فەرمانبەرانەی كە پلەی زیاتریان پێ دراوە، یاخود دەرماڵەی ناشایستەیان پێ دراوە، ڕێك خراوەتەوە و فەرمانبەران بەپێی شایستەبوونی خۆیان پلە و دەرماڵەیان هەیە، لە هەمان كاتدا دۆسیەی كەمئەندامان ڕێك خراوەتەوە، بەپێی یاساش دەبوایە لە ٢٠٠٨ـوە ناسنامەیەك بۆ كەمئەندامان درەست بكرێت، بەڵام نەكرابوو، ئێستا بەشی زۆری ناسنامەكان تەواو بووە و كەمئەندامان لە ڕێگەیەوە دەتوانن هەر ئیمتیازێكیان هەبێت، كاری بۆ بكەن، پەیڕەوی سندوقی هاوكاری بۆ كەمئەندامانیشمان داناوە و لە ئەنجوومەنی وەزیرانە تاوەكوو پەسەند بكرێت و بۆ پاڵپشتیی خاوەن پێداویستیی تایبەت دەكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی یاسای چاكسازی، نابێت كەسێك دوو جار لە مووچەی كەرتی گشتی سوودمەند بێت، بۆ ئەوەی ئەوانەی خانەنشینن و كەمئەندامن بێبەش نەبن لە وەرگرتنی ئەو دەرماڵەی كەمئەندامییە كە ١٠٠ هەزار دینارە، یاسای تایبەت بە كەمئەندامانمان هەموار كردەوە و دوای ئەوەی لە پەرلەمان پەسەند كرا، ئێستا هەموو كەمئەندامان، ئەوانەی فەرمانبەرن، یان خانەنشین بوون، ئەو دەرماڵەیە وەردەگرن كە پێشتر وەك مووچە پێیان دەدرا، ئەوەش داواكاریی سەرجەم ڕێكخراوەكانی كەمئەندامان بوو، مووچەی كەمئەندامانی فەرمانبەرمان بەپێی یاسا ڕێك خستووەتەوە و هەمان مووچەی كەمئەندامییان بۆ كراوەتە دەرماڵە لەگەڵ مووچەی فەرمانبەری، یان خانەنشینییەكەیان وەریدەگرن، بۆ ئەوانەش كە میراتگرن و مووچەكە وەردەگرن لە گفتوگۆداین تاوەكوو چارەسەرێك بۆ ئەوانیش دابنرێت و هیچ كەسێك بێبەش نەبێت.

وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دەشڵێت" لە ساڵی ٢٠١٣ـوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە تۆماری نوێی كەمئەندامان ڕاگیرابوو، لە ٢٠١٩دا لیژنەیەكی باڵا كۆ بووینەوە و دواتر لەگەڵ لیژنە لاوەكییەكان ڕاپۆرتێكمان ئامادە كرد و بەر لە كۆرۆنا و كەرەنتینە ڕاپۆرتەكە گەیشتە ئەنجوومەنی وەزیران، دواتر جارێكی دی كارمان لەسەر ئەو بابەتە كردەوە و بۆ ماوەی چوار مانگ دەرگای خۆتۆماركردنمان بۆ كەمئەندامانی نوێ كردەوە كە بریتی بوون لە شەلەلدەماغ، كورتەباڵا، ئۆتیزم، تالاسیمیا و هیمۆفیلیا، زیاتر لە ١١ هەزار كەس خۆی تۆمار كردووە، دوای ئەوەی پشكنینی تەندروستییان بۆ دەكرێت، لیستەكە دەدرێتە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بڕیاری پێ دەربكرێت و مووچەیان بۆ ببەسترێت". 

كوێستان محەمەد ئاشكرایشی كرد ،ئەو خاوەن پێداویستی تایبەت و كورتەباڵا و كەمئەندامانەی كە مووچە وەردەگرن، ژمارەیان ٨٣ هەزار كەسە و ئەوەی ئێستا تۆمار كراوە ١١ هەزار و ٩٥١ كەسە، پێشبینیش دەكەین نزیكەی پێنج هەزار كەسی دیكەی كەمئەندام لە قۆناغی دووەمدا تۆمار بكرێت.


PM:01:37:25/07/2022