ڕێنماییەکانی پێدانی مۆڵەتی چەک بڵاودەکرێتەوە

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند  "دەسەڵاتی پێدانی مۆڵەتی چەك لەلایەن وەزیری ناوخۆ، پارێزگارەكان و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكانەوە دەبێت".

 

ئەمڕۆ دووشەممە، بەپێی نوسراوێكی وەزارەتی ناوخۆ کە تییدا نوسراوە "مۆڵەتی دەستداری و هەڵگرتن و نوێكردنەوەی چەكی ئاگرین تفاقی، بەپێی ماددەی پێنج لە یاسای چەك، دەدرێت بە هاووڵاتییانی دانیشتووی هەرێمی كوردستان".

 

وەزارەتی ناوخۆ ڕایدەگەیەنێت "بڕی تفاقی رێگەپێدراو بۆ چەكی ئاگرینی مۆڵەت پێدراو بەمشێوەیە دەبێت: چەكی ئاگرین لە جۆری دەمانچە ٤٥ فیشە، چەكی ئاگرین قەبارە ٣٩ و ٧.٦٢،( ١٢٠) فیشەك".

 

جەختی لەوەشکردووەتەوە، پێشكەشكردنی داواكاری بۆ دەسەڵاتی مۆڵەتدان لە وەزارەت یان بەڕێوەبەرایەتی كاروباری ناوخۆی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دەبێت، بۆ پێدانی مۆڵەتی دەستداری یان هەڵگرتن یان هەردووكیان بەیەكەوە كە هۆكار و پاساوی رەوای داواكردنی مۆڵەتەكە لە خۆگرتبێت.

 

دەشڵێت " دەبێ شەش وێنەی رەنگاوڕەنگ، كارتی نیشتمانی عێراقی و ناسنامەی باری شارستانی، هێنانی بەڵگەنامەی ( عدم محكومیە) لە بەڕێوەبەرایەتی لێكۆڵینەوەی بەڵگەكانی تاوان، وەرگرتنی رەزامەندی ئاسایش، هێنانی راپۆرتی پزیشكی لەلایەن لیژنەی پزیشكی فەرمی كە بیسەلمەنێنێت شیاوە بۆ دەستداری و هەڵگرتنی چەك لە رووی دەروونی و جەستەیی و عەقڵییەوە".



PM:02:05:25/07/2022