لێدوانی فەرمی حكومەتی هەرێم سەبارەت بە هێرشی ئەمشەو بۆ سەر كێڵگەی كۆرمۆر



حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت "هێرشەكەی ئەمشەو بۆ سەر كێڵگەی كۆرمۆر لەلایەن گروپە چەكدارەكانی دەرەوەی یاسا ئەنجامدراوە و داوای رێكار لە حكومەتی عێراق دەكەین".

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە "هێرشكردنەوە سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر كە ئەمڕۆ لەلایەن میلیشیا و گروپە چەكدارەكانی دەرەوەی یاسا ئەنجام درایەوە، بە توندترین شێوە شەرمەزار دەكەین". 

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "داوا لە حكومەتی فیدرال دەكەین ڕێكاری پێویست بگرێتەبەر بۆ سنووردانان و ڕێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشە تیرۆریستیانە ، ئامانجی ئەو دەستدرێژییانەش كە چەندین جارە دووبارە دەبنەوە، تێكدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەموو عێراق و گەشەپێدانی ئابووری هەرێمی كوردستانە".

ئەمشەو بۆ جارێكی دیكە بە سێ كاتیۆشا هێرشكرایەوە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵ، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.



PM:11:13:25/07/2022