كازمی پەیامێكی نوێی لەسەر خۆپیشاندان بڵاوكردەوە


مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق داوای لە سەرجەم هێزە سیاسییەكان كرد، رێگەی دیالۆگ بۆ چارەسەری كێشەكان بگرنەبەر.

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەپەیامێكدا بڵاویكردەوە، "عێراقی ئازیزمان شاهیدی گرژییەكی سیاسی گەورەیە كە ئەگەر ژیرەكان دەستوەردان نەكەن، دوربێت رەنگە لێكەوتەی ترسناكی لێبكەوێتەوە، لە كاتێكدا هەمو رێكار و رێوشوێنێكی پێویستمان گرتۆتەبەر بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخەكە و پاراستنی ئاسایش و رێگریكردن لە خوێنڕشتنی عێراق".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "داوا لە هەمو لایەنەكان دەكەین ئارام ببنەوە و گرژیەكان كەمبكەنەوە، بۆ دەستپێكردنی دەستپێشخەرییەك بۆ چارەسەركردن لەسەر بنەمای نیشتمانی".

كازمی باسی لەوەكرد "داوا لە هەمو لایەك دەكەم كە رانەكێشرێنە ناو تۆمەت و زمانی خیانەت و هاندانی دوژمنایەتی و ڕق لە نێوان ئیخوان لە هەمان وڵاتدا، بانگهێشتی هەمو لایەنەكان دەكەم لەسەر مێزی دیالۆگێكی نەتەوەیی دابنیشن، بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسی بۆ قەیرانی ئێستا، لەژێر سەقفی هاوكاری عێراق، میكانیزمەكانی دیالۆگی نیشتمانی".

سەرۆك وەزیرانی عێراق وتویەتی "دەبێت هێزە سیاسییەكان بەرپرسیارێتی نیشتمانی و یاسایی خۆیان لە ئەستۆ بگرن، حكومەتی كاربەڕێكەر سەرەڕای تێپەڕاندنی ئەو كاتەی كە لە كاتی دەستوردا بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ دیاریكراوە، هەمو ئەركەكانی خۆی جێبەجێكردوە كە پێشێلكارییەكی دەستورییە، لەگەڵ هەمو ئەوانەدا ئێمە ئامادە بوین و ئێستاش ئامادەین بۆ پێشكەشكردنی هەمو هاوكارییەك بۆ گەیشتن بە پرۆژەیەكی چارەسەر كە جێگەی ڕەزامەندی هەموان بێت، و بە شێوەیەك كە ئاشتی كۆمەڵایەتی و سەقامگیری دامەزراوەكانی دەوڵەت و بەرژەوەندی خەڵك بپارێزێت".



PM:09:31:01/08/2022