لەبەر خراپی دۆخی ئەمنی
بانکەکانی عێراق بڕیاری تایبەتیان دەرکرد


لەگەڵ خراپبوونی دۆخی ئەمنی بەهۆی خۆپیشاندانەکانی بەغدا و شارەکانی تری باشوری عێراقەوە بانکەکان دەستیانکرد بە رێوشوێنی تایبەت بۆ ئەوەی لەو پشێویەدا زەرەر نەکەن.

بانكی رافیدەین وەك دەستپێشخەرییەك لەبەرامبەر ئەو هەلومەرجە نەخوازراوەی لە بەغداو پارێزگاكانی دیكەی عیراق هەیە، ژمارەیەك رێوشوێنی پێویستی گرتۆتەبەر.

بەپێی نووسراوێك كە لەلایەن بانكی رافیدەینەوە دەرچووە ئاماژە بۆ ئەوە کراوە كە بانكەكە چەندین رێوشوێنی گرتۆتەبەر لەوانە دەبێت بانكەكان كەمترین پارەی نەختینە لەنێو گەنجینەكانیاندا بهێڵنەوەو دڵنیا بن لەوەی دەرگای ژوورە قایمەكانیان بەباشی كار دەكات.

لە چوار شەممەی رابردووەوە بەهۆی خۆپیشاندانی لایەنگرانی سەدرو داگیرکردنی پەرلەمان، ئەمڕۆش خۆپیشاندانی لایەنی چوارچێوەی هەماهەنگی، دۆخی عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو تێکچووەو نازانرێت ئایندە چی روودەدات، بانکەکانیش دەستیان بە گرتنەبەری رێگای تایبەت بۆ خۆ پاراستن پیادە دەکەن. 



AM:12:00:02/08/2022