چوارچێوەی هەماهەنگی هێشتا سوورە لەسەر پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق

ئەمڕۆ پێنج شەممە ٤ ی ئابی ٢٠٢٢، ئەندامێکی هاوپەیمانیەتی دەوڵەتی یاسا ئاشکرایکرد، هاوپەیمانیەتییەکەیان سوورە لەسەر کاندیدکردنی محەمەد شیاع سودانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی.

 

فازڵ زریجاوی ئەندامی سەرکردایەتی دەوڵەتی یاسا بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەیاند، "چوارچێوەی هەماهەنگی هێشتا سوورە لەسەر پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق لە ماوەی داهاتوودا و محەمەد شیاع کاندیدیانە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق".

 

دەشڵێت " لەبارەی پڕۆسەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، هێشتا لایەنە سیاسییەکان گفتوگۆیان لەبارەوە نەکردووە".

 

لە هەمانکاتدا مەحمود حەیالی سەرکردەیەکی دیکەی چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، کردەوە سیاسییەکان لە عێراق بە هاوبەشی لە نێوان هەموو کوتلە و حزبەکاندا دەبێت و وتیشی، "ناکرێت رای تەنها لایەنێک بەسەر هەموو لایەنە سیاسیەکانی دیکەدا بسەپێنرێت."

 

ئاماژەی بەوەشداوە، داواکاریەکانی رەوتی سەدر لە رێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بەدی دێت، "نەک لە رێگەی کۆکردنەوەی خەڵک لەسەر شەقامەکان و بەکارهێنانی زمانی هێز و هەڕەشە."

 

دوای ئەوەی دوێنێ چوارشەممە موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە وتارێکدا داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی کرد.



PM:04:28:04/08/2022