چوارچێوەی هەماهەنگی: بە مەرج پشتیوانی له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ده‌كه‌ین

چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایدەگەیەنێت" پشتیوانی هەر رێگا چارەیەکی دەستووری بۆ قەیرانی سیاسی و لە پێناو بەرژەوەندی خەڵکدا دووپاتدەکەینەوە، لە ناویاندا هەڵبژاردنی پێشوەختە". 

پاش كۆبوونەوەی چێوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی عەمار حەكیم سەرۆكی ڕەوتی حیكمە، چێوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان ڕاگەیەندراوێكی بڵاویكردووەتەوە، كە تێیدا هاتووە" لە پێناو بەرژەوەندی خەڵکدا پشتگیری لە هەر هەوڵێكی دەستووری دەكەین بۆ چارەسەركردنی قەیرانە سیاسییەكان". 

لە بەشێکی تری بڵاوکراوەکەدا ئەوەش هاتووە" پشتگیری لە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەين، بەمەرجێك كۆدەنگی نیشتمانی لایەنەكانی لەسەر بێت و پێویستە بەر لە هەموو شتێك ڕێز لە دامەزراوە دەستوورییەكان بگیرێن و پەكنەخرێن". 

لای خۆشیەوە نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" ھەڵبژاردنی پێشوەختە بە پشتبەشتن بە دەستور و كۆدەنگی نیشتمانی دەكرێت، ھەڵبژاردنی رابردوو كەلێنێكی كۆمەڵایەتی گەورەی دروستكرد، بۆیە جەخت لە پابەندبوون بە دەستوور و یاسا دەكەینەوە". 

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر پەیامێکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق بڵاوکردەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی کرد. 


AM:12:27:05/08/2022