چەند لێدوانێكی نوێ لە نوێنەری سەدرەوە لە نوێژی هەینی یەكگرتوو


موهەنەد موسەوی، نوێنەری سەدر لە وتاری نوێژی هەینی یەكگرتوو لە گۆڕەپانی ئاهەنگەكانی بەغدای پایتەخت رایگەیاند، عێراقیەكان هیچ متمانەیەكیان بە بەرپرسان نەماوە، گەندەڵكاران بونە هۆی ئەوەی شكۆی عێراق لەكەدار بكرێت.

ئەمڕۆ نوێژی هەینی یەكگرتوو لەلایەن لایەنگرانی موقتەدا سەدرەوە بەڕێوەچوو، موهەنەد موسەوی، نوێنەری سەدر لە وتاری نوێژی هەینی یەكگرتوو رایگەیاند "عێراق بوەتە یەكێك لە یەكەمین وڵاتی گەندەڵ لەژێر سایەی حكومەتە یەك لە دوای یەكەكاندا، گەیشتوین بەئەنجامێكی شەرمەزاركارانە لەوانەش نەمانی هیچ متمانەیەكی هاوڵاتیان چینی سیاسیەكان".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد "هەر كەسێك پشتگیری چاكسازی نەكات دەبێتە دیلی میلیشیاكان، ئێستا عێراقیەكان بۆ داواكردنی ئەنجامدانی چاكسازی وەستاون، پڕۆژەی چاكسازیمان هەر دەمێنێتەوە".

ئەو بەرپرسەی سەدر وتیشی "هاوسۆزی و پشتیوانی خۆمان لەگەڵ سەدر رادەگەیەنین سەبارەت بەداواكاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت، بزوتنەوەی چاكسازی پێویستی بە جوڵەی كۆمەڵگە و گەلانە".



PM:12:36:05/08/2022