لەسەر گۆرانییەکەی شیلان ئاكچان و جێگر میدیا روونکردنەوەیەک بڵاودەکرێتەوە

پاش ئەوەی رەخنە لە گۆرانییە نوێیەکەی جێگر میدیا و شیلان ئاکچای گیرا، لەو بارەیەوە جێگر روونکردنەوە دەدات و دەڵێت" هیچ سوکایەتییەکیان بە ئاینی ئیسلام نەکردووە". 

جێگر میدیا حسێن لە ڕوونکردنەوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە" ئەم گۆرانییە گۆرانییەکی رەسەنی هونەرمەند حەسەن زیرەکە، کە وەک قوتابخانەیەک ناوزەند دەکرێت لە هونەری کوردیدا و ئێمەش خۆمان بە خوێندکاری ئەو هونەرمەندە دەزانین، وەکو یادگارییەک و شانازییەک لەگەڵ هونەرمەندێکی بەرێزدا ئەم گۆرانییەمان وتووەتەوە".

وتیشی" گۆرانییەکە بەهەموو شێوەیەک دوورە لە گاڵتەکردن بە ئاینی ئیسلامی پیرۆز و بە حەجی پیرۆز و بە مەککە، بۆیە هەر کەس و لایەن و پەیجێک بیەوێت ئەم گۆرانییە و من و مێژووی میدیا حسێن ناشرین بکات ئەوە تەنیا بۆ خۆدەرخستن و ناوبانگ پەیدا کردنە". 

ماوەی چەند رۆژێکە جێگر میدیا حسێن و شیلان ئاکچان دوێتێکیان بە ناوی (فۆلکلۆر) بڵاوکردووەتەوە، بەڵام بەرهەکەیان بووە جێگەی رەخنەی هەوادارەکانیان کە سوکایەتی بە ئاینی ئیسلام دەکات، تەنانەت ڕووپاک ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە پەرەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک ڕایگەیاند" بەداخەوە لە ئـێستادا دەبینین لە پاڵ ھونەردا بێڕێزیەکی یەکجار زۆر بە شەعایر و ئـاینی موسڵمانان دەکرێت کە ئـەمە جێگای قبول نیە، هەر بۆیە وەک ئـەرکی ھەمیشەییمان ئـەمڕۆ پەیوەندیم بە وەزیر کرد و ھەموو ھەوڵێک ئدەدەین بۆ ڕاگرتنی ئـەم گۆرانییە". 


PM:03:10:05/08/2022