"بارستە هەوایەکی فێنک ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە"

شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت " چلەی هاوین بەرەو كۆتایی دەڕوات و بارستە هەوایەكی فێنك هەرێم دەگرێتەوە و ئەو گەرما پڕوكێنەرەی زیاتر لە هەفتەیەكە ناوچەكەی گرتۆتەوە كۆتایی دێت".

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی ئاشکرایکرد، لە كاتەكانی سبەی یەك شەممە ٧ ی ئاب بەدواوە ناوچەكانمان دەكەوێتەوە ژێر كاریگەری بارستە ھەوایەكی فێنك، كە بەسەر دەریای ناوەڕاستەوە دەگاتە ناوچەكە و سەرەتا كاریگەری لەسەر ناوچەكانی ڕۆژئاوای ھەرێم ئەبێت بە نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما بەڕێژەی ٢ پلە و لەناوچەكانی دیكەی ھەرێمدا بەگشتی ١ پلە گەرما نزمدەبنەوە.

باسی لەوەشکردووە،  ھەر لە ئەنجامی كاریگەری ئەو بارستە ھەوایەوە سبەی لە كاتەكانی ئێوارە و شەودا بەھۆی زیادبوونی خێرایی با لەناوچە سنوریەكانی نێوان ڕۆژئاوای عێراق و سوریا ئەگەری ھاتنی شەپۆلێكی خۆڵبارین بەرەو ناوچەكانمان ئەبێت بەڕێژەیەكی مامناوەند و بە ڕێژەیەكی نیمچە چریش لەسەر ناوچەكانی سنوری پارێزگای كەركوك و سەنتەری پارێزگای ھەولێر كاریگەری ئەبێت.

ئەو سارەزای کەشناسییە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەگشتی لەنیوەرۆی ڕۆژی دوو شەممەدا ٨ ی ئاب  كاریگەری كەم دەبێتەوە و بەڕێژەیەكی كەم تا بەرەبەیانی ڕۆژی سێ شەمە ٩ ی ئاب تۆز و خۆڵ لەھەوادا ئەمێێتەوە و دواتر كۆتایی دێت.

ئەوەشی باسکردووە، كاریگەری ئەم بارستە ھەوا فێنكە لە ڕۆژی دوو شەممەوە  بەتەواوی دەگاتە سەر ناوچەكانمان و پلەكانی گەرما نزمبوونەوەی زیاتری بەسەردا دێت تا ڕۆژی ھەینی ١٢ی ئابی ٢٠٢٢ كاریگەریەكانی بەردەوامی دەبێت و ئەم مەودایە بەگشتی تێكڕای پلەكانی گەرما لە ئاستی ئاسایی ساڵانەی خۆیدا ئەبێت.



PM:03:27:06/08/2022