شاسوار عەبدولواحید پەیامێكی نوێی بڵاوكردەوە


سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایدەگەیەنێت، هاوڵاتیان هەموو رۆژێك دەسەڵات ناڕەحەت و بێزار بكەن و بەردەوام بن لە كاری مەدەنی خۆیان و دەڵێت "خەڵكی وڵاتەكەمان لە دۆخێكی ناخۆشدایە، هاوڵاتیان، فەرمانبەران و كاسبكاران گەنجانمان لە دۆخێكی ناخۆشدان و بێدەنگ نابین".

ئەمشەو شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ پەیامێكی ڤیدیۆیی سەبارەت بە خۆپیشاندانەكان بڵاوكردەوە و رایگەیاند "دەمەوێت سوپاسی یەك بەیەكی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بكەم لە تەواوی شار و شارۆچكەكانەوە كە بەدەم بانگەوازەكەمانەوە هاتن بۆ داواكردنی مافی خۆیان".

هەروەها دەڵێت "وەك لەسەرەتاشدا رامانگەیاند ئەم خۆپیشاندانانە، خۆپیشاندانی هێمنانەیە بۆ داواكردنی مافی هاوڵاتی و مافی تاكە كەسە، نەك بۆ داواكاری حزبی سیاسی و كەسایەتی سیاسی".

ئاماژەی بەوەشدا "ئێمە لەسەر خەباتی مەدەنییان بەردەوام دەبین و ملنادەین، لەگەڵ هاوڵاتیاندا دەبین و ئێمە هێزێكی سیاسی راستگۆ دەبین لەگەڵ بەڵێنەكانمان".

شاسوار عەبدولواحید وتویەتی "دەیان پەرلەمانتار و كەسی ئازیزمان دۆستەكانمان خەڵكە نزیكەكانمان ئازار دراون دەستگیركراون خۆمان چواردەوری ماڵەكانمانییان گرتووە، بەڵام ئێمە گوێنادەین و پێمانوایە ئازادی خۆشگوزەرانی قوربانی دانی دەوێت".

ئەمڕۆ كاتژمێر پێنجی ئێوارە خۆپیشاندان لە بەشێك لە شاری سلێمانی و ناوچەكانی دەوروبەری بەڕێوەچوو.



PM:08:51:06/08/2022