وەزارەتی بازرگانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەھۆی چەند ھۆكارێك نرخی كەلوپەلی خۆراك بەرەو ھەرزانبوون دەچێت، لەو رووەشەوە كۆگاكان پڕبوون لە خۆراك و شوێنی خۆراكی دیكە نییە.
كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە میدیای فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووە "لەمەودوا ئارد و گەنم و خۆراك ھەرزان دەبێت، ئەمەش بەھۆی رێككەوتنی نێوان روسیا و ئۆكرانیا كە ئەوە كاریگەری لەسەر نرخەكان ھەبووە و ھێوربوونەوەی دۆخەكەش كاریگەری ھەبووە، ئەو ماددە خۆراكیانەی مانگانەش دەدرێت ئێستا بەردەوام دابەش دەكرێت و تا ئێستا شەش وەجبە دابەشكراوە و بەشێكی وەجبەی حەوتەمیش ھاتووە ئەوەش كاریگەری لەسەر نرخی كەلوپەل لە بازاڕ ھەیە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "ھەڵگرتنی ڕسوماتی گومرگی لەسەر كەلوپەلی خۆراك كاریگەری ھەبووە و رێگەی گرت لە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك و تا مانگی نۆ بەردەوام دەبێت و دواتریش بەپێی پێویست حكومەت بڕیاری لێدەدات".
وەزیری بازرگانی باسی لەوەكردووە "نرخی كەلوپەل ھەرزان بووە و تائێستاش كۆگاكانی ئێمە لە ھەموو شارەكان ھێندە پڕ بووە كە شوێنمان نەماوە بۆ خۆراك، بۆیە خۆراكێكی زۆر ھاتووە".