لەبارەی یەک پۆشی زانکۆی سلێمانی بڕیار دەدرێت

یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی رایگەیاند " لەبارەی یەک پۆشی زانکۆی سلێمانییەوە راپرسییەک بۆ خوێندکاران دانراوە تا لەوێوە خۆیان بڕیاربدەن بە بەڵێ یاخود بە بەنەخێر". 

کەناڵی سپی میدیا لە تێلیدرام جۆین بکە..


ئەمڕۆ ٨ی ئاب، پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بڵاوی کردەوە " خوێندکارانی زانکۆ نوێنەرایەتی چینێک دەکەن کە قورسایی زانستی و رۆشنبیری خۆیان ھەیە، کە ئامانجی سەرەکییان دەستکەوتی زانستیە نەک بابەتی جۆر ومۆدێل ورەنگی پۆشاک، لەم ڕوانگەوە زانکۆکانی کوردستان بەئاراستەی یەکپۆشی ھەنگاو دەنێن، لەو چوارچێوەیەشدا زانکۆی سلێمانی ڕاپرسیەکی ئۆنلاینی بۆ خوێندکاران داناوە تاوەکو پشت بەست بە (بەڵێ) و (نەخێر)ی زۆرینە بڕیاربدرێت".

 

هەروەها لەبارەی سوودەکانی یەکپۆشی وتی " کەمکردنەوەی جیاوازی چینایەتی ونەھێشتنی دڵەڕاوکێ وگاڵتەجاڕی لە جیاوازی پۆشاک وبەدەستھێنانی جۆرێک لە یەکسانی ودادپەروەری لە پۆشاکدا کە ئەمانەش کەشی ڕق وتوندوتیژی وناکۆکی وھەستیاری نێوان خوێندکاران کەمدەکاتەوە وھاوکاری ونزیکبوونەوە وڕێکەوتن زیاتر دەکات و خەرجی خوێندکار وکەسوکارییان بۆ کڕینی مۆدێلاتی پۆشاک کەم دەکاتەوە، لەبری ئەوە پاشەکەوت دەکەن بۆ پێداویستیەکانی تری ڕۆژانەیان".

 

دەشڵێ "کات وھەوڵ بۆ خوێندکار دەگێڕێتەوە کە لەدەستی بدات بۆ ھەڵبژاردنی نوێترین مۆدێل ورەنگی پۆشاک وململانێ لە مۆدێلات وشانازیکردن بە پۆشاکەوە، یەکپۆشی دەرکەوتنێکی شایستە ودیاردەیەکی شارستانیە وڕەچاوکردنی تایبەتمەندێتی حەرەمی زانکۆییە، وئاسایش وئارامی بەزانکۆ دەدات، ھەستی بەرپرسیارێتی خوێندکار بەرامبەر کەلوپەلی گشتی زانکۆ ومامۆستا وفەرمانبەر وخوێندکارانی زانکۆ وتەنانەت دەرەوەی زانکۆش زیاتر دەکات".

 

ناوبراو باسی لەوەشکرد،  لەگەڵ ھەموو باشیەکان ھەندێک پێیان وایە یەکپۆشی دژی ئازادی تاکەکەس وئازادی ڕادەربڕین ونەھجی دیموکراتیەتە، ڕەچاوی ئەو جیاوازی وفرەییە ناکات کە سروشتی مرۆڤن، وە خەرجی زیادە وڕۆتینات وبێزاری وتوندی تێدایە بۆ خوێندکار، لەگەڵ ئارەزوی ھەندێک خوێندکار یەکناگرێتەوە، وە ھەندێک ترسیان لە توانای پابەندبوونیان ھەیە، وە کاری لیژنەی بەرزەفتەکردنی کۆلێجەکان زیاتر دەکات.

 




AM:10:23:08/08/2022