شەپۆلێكی بەتینی گەرما ڕوو لە هەرێم دەکات

شارەزایەکى کەشناسی پێشبیندەکات، لە رۆژی ھەینی بەدواوە دووبارە شەپۆلێکی بەتینی گەرما هەرێم دەگرێتەوە. 

ئاراس جەبار شارەزای بواری كەشناسی لە بڵاوكراوەیەكدا ئاماژەی بەوەکردووە" سبەینێ سێشەممە ئاسمانی هەرێمی كوردستان ساماڵ ئەبێت لەگەڵ بوونی تۆز و خۆڵێكی كەم لە ئاسمانی ناوچەكانی سنوری پارێزگای كەركوك و گەرمیان". 

ئەوەشی خستەڕوو، پلەكانی گەرما زیاتر هاوشێوەی ئەمڕۆ دووشەممە بە جێگیری دەمێنێتەوە و لەشەودا نزمتردەبێتەوە و بەرزترین پلەی گەرما لە سلێمانی و دهۆك و ئیدارەی سۆران (٤١) پلە و لە هەولێر و ئیدارەی راپەڕین (٤٢) و لە هەڵەبجە و كەركوك (٤٣) و لە ناوچەكانی گەرمیان (٤٧) دەبن.

بەپێی پێشبینییەکانی ئەو كەشناسە، شەپۆلەكانی گەرما بەردەوامی دەبێت و لە رۆژی هەینیەوە ١٢ی ٨ی ٢٠٢٢ بەدواوە جارێكی دیكە شەپۆلێكی بەتینی گەرما ناوچەكە دەگرێتەوە.  


PM:04:15:08/08/2022