وەزارەتی پەروەردە: زۆربەی یەكەمەكانی ١٢ی ئامادەیی لە قوتابخانە حكومییەكان بوون


سەیوان عەلی، بریكاری وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، زۆربەی یەكەمەكانی دەرچوی 12ی ئامادەیی لە قوتابخانەكانی حكومەتن، ئەوەیش نیشانەی ئەوەیە  قوتابخانە حكومیەكان، ھێشتا توانای زۆریان ھەیە بۆ پێگەیاندنی خوێندكاران.

سەیوان عەلی، بریكاری وەزارەتی پەروەردە بە ماڵپەڕی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندوە "جێی خۆشحاڵیە زۆربەی یەكەمەكانی دەرچوی 12ی ئامادەیی لە قوتابخانەكانی حكومەت بوون ئەوەش نیشانەی ئەوەیە قوتابخانەكانی سەر بەحكومەت، ھێشتا توانای زۆریان ھەیە بۆ پێگەیاندنی قوتابیان و پلانی وەزارەتی پەروەردەشە ھەموو توانایەك بخاتە گەڕ بۆ گرینگیدانی زیاتری قوتابخانەكانی حكومەت".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "بەشێك لە قوتابخانەكانی كەرتی تایبەت دەیانەوێت ئەو قوتابیانەی نمرەی بەرزیان ھەیە لە پۆلەكانی 10 و 11 ی ئامادەیی بۆ خۆیان راكێشن و بچن لە ئەھلیەكان پۆلی 12 تەواو بكەن بۆ ئەوەی لەكاتی بەدەستھێنانی نمرەی بەرز سود لە ناوبانگی وەربگرن، بەڵام وەزارەتی بڕیاردراوە ھەر قوتابیەكی نمرەی بەرز دەھێنێ زیاتری ساڵەكانی لەكام قوتابخانە بووە لەسەر ئەوە ھەژمار بكرێت، ئێمە رێز لە قوتابخانەكانی كەرتی تایبەت دەگرین، بەڵام ناشكرێت قوتابیەك لەقوتابخانەكانی سەر بە حكومەت ئامادە بكرێت و دواتر ئەوان بۆ ناوبانگ سودی لێوەر بگرن".



PM:08:26:08/08/2022