وەزارەتی پێشمەرگە راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە


وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، نیوەڕۆی ئەمڕۆ كۆتاییان بەو ئۆپەراسیۆنی گەڕان و پشكنین و كێوماڵكردنە هێناوە كە ماوەی چەند رۆژێكە لە كەناری زێی سیروان و ناوچەی گوندی دەكەی سەرچەم و دەوروبەری لە سنوری میحوەری گەرمەسێر دەستی پێكردووە.

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "لە درێژەی كار و چالاكیەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لە بەرواری 6ی (ئاب8/)ی 2022، فەوجی 2ی لیوای 3ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، ئۆپەراسیۆنێكی كێوماڵكردنیان لە كەناری زێی سیروان و ناوچەی گوندی دەكەی سەرچەم و دەوروبەری لە سنوری میحوەری گەرمەسێر دەستپێكرد".

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە "ئەمڕۆ لە كاتژمێر (7:00) ی سەر لە بەیانی، فەوجی 2ی لیوای 2ی پیادە و فەوجی 2ی لیوای 19ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، قۆناغێكی دیكەی ئۆپەراسیۆنەكەیان جێبەجێكرد، لە گوندی كانی ماسی كەناری زێی سیروان، سنوری میحوەری گەرمەسێر".

هەروەها ئاشكرایكردووە "لە ئۆپەراسیۆنەكەدا بەدرێژایی حەوت كیلۆمەتر، كێوماڵ و گەڕان و پشكنین لەناوچەكەدا ئەنجامدرا، ئۆپەراسیۆنەكە، لە پێناو دابینكردنی ئەمن و ئاسایشی زیاترە بۆ ناوچەكە، كاتژمێر(11:00)ی پێشنیوەڕۆ بەسەركەوتویی كۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەكە هات".




PM:10:44:08/08/2022