" بلاسخارت بە نیازنەبووە بەشداری کۆبوونەوەی ‌لایەنە کوردستانییەکان بکات "


نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئامادە نەبوەو بەشداری کۆبوونەوەی دوێنێ ١٠ ی ئابی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم لە سەرۆکایەتی هەرێم بکات، نێچیرڤان بارزانی داوای لێکردووەو زۆری لێکردووە بەشداربێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە پارتی بە ماڵپەڕی (سپی)، راگەیاند" لە دوای کۆبوونەوەی دووەمی  بلاسخارت نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر پرسی هەڵبژاردن گەڵ نوێنەری لایەنەکان لە سەرۆکایەتی هەرێم کە هیچ ئەنجامێکی نەبوو، ئەو تەواو نیگەران و بێزار بووە لەو کۆبوونەوە بێ ئەنجامانەو سەرکردەکانی هەرێمی ئاگادارکردۆتەوە کە چیتر بەشداری کۆبوونەوەی لەو شێوەیە ناکات".
ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کرد کە بەشداری بلاسخارت لە کۆبوونەوەی دوێنێ چوار شەممە ١٠ ی ئابی  لەسەر بابەتی هەڵبژاردن لەسەر داوا و تەکلیفی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم بووە کە ئەویش لە کۆتاییدا رەزامەندی پێشانداوە بەشداربێت.

 دەربارەی ئەگەری بەردەوامی بلاسخارت لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی لایەنە سیاسیەکانی هەرێم لەسەر پرسی هەڵبژاردن، سەرچاوەکەی " سپی " ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە کۆبوونەوەکەی دوێنێ یەکێک بووە لە کۆبوونەوە خراپ و بێ ئەنجامەکان و ئەگەر زۆرە کە چیتر نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان بەشداری ئەو کۆبوونەوانە نەکات.

دوێنێ ١٠ ی ئاب لە سەرۆکایەتی هەرێم لایەنە سیاسیەکان بەبێ بەشداری نەوەی نوێ و بە ئامادەبوونی بلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە، بەڵام هیچ ئەنجامێکی پۆزتیڤی لێنەکەوتەوە لەسەر کاتی هەڵبژاردن و یاسای کۆمسیۆن.



PM:06:08:11/08/2022