دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە لە قەزای خانەقین تەرمی خوشک و برایەک دۆزرانەوە، کوڕەکە نەخۆشی داون سیندۆرم-ی هەبووە و لە ماڵەکەی خۆیاندا بە دوای یەکدا گیانیان لەدەستداوە.
لەمبارەیەوە دیار شەوکەت بەڕێوەبەری پۆلیسی خانەقین لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ئەمڕۆ لە قەزای خانەقین دوو تەرم دۆزراونەتەوە، کە خوشک و برایەک بوون، کوڕەکە نەخۆشی داون سیندۆرمی هەبووە و کچەکەش نەخۆش بووە لە جێگادابووە، دوای ئەوەی یەکێک لە خزمەکانیان چووە سەردانیان بکات زانیوویەتی گیانیان لەدەستداوە".
ئەوەشی خستەڕوو، کچەکە تەمەنی (٥٦) ساڵ و کوڕەکە تەمەنی (٤٩) ساڵ بووە و بە پێی لێکۆڵینەوەکان، لە سەرەتادا کچەکە گیانی لەدەستداوە دواتریش کوڕەکە.
ڕوونیشیکردەوە، هیچ شوێنەواری ئەشکەنجە و کوشتن بە گیانی تەرمەکانەوە نییە، خۆیان گیانیان لەدەستداوە و لەئێستاشدا تەرمەکانیان رەوانەی پزیشکی دادوەری کراوە بۆ توێکاری زیاتر.