کەشناسێک: کۆتا شەپۆلى گەرماى هاوین ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات

شارەزایەکى بواری کەشناسی پێشبینیدەکات، لە سەرەتای ھەفتەی داهاتووە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەستپێبکاتەوە، کە کۆتا شەپۆلى گەرماى ئەمساڵ دەبێت.  

ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" بەهۆی چالاکبوونەوەی نزمەپاڵەپەستۆی وەرزی گەرمی ھیندی لەسەر ناوچەکە لە سەرەتای ھەفتەی ئایندەوە رۆژی شەممە ١٣ی ئابی ٢٠٢٢ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەستپێدەکاتەوە، بەرێژەی دوو تا چوار پلەی سیلیزی". 

ئەوەشی خستەڕوو، لوتکەی گەرماکە دەکەوێتە نێوان (١٦ بۆ ١٨)ی ئەم مانگە کە لەم مەودایە رادەی شێ بەرزدەبێتەوە و لە ھەوادا پەڵە ھەوریش دەردەکەوێت و بەرزترین پلەی گەرمی لە سەنتەری پارێزگاکانی ھەرێمدا بەم شێوەیە لەم مەودایەدا بەرزدەبێتەوە:  

ھەولێر (٤٥ بۆ ٤٦ پلە، سلێمانی ٤٤ بۆ ٤٥ پلە، دھۆک ٤٤ بۆ ٤٥ پلە، کەرکوک ٤٦ بۆ ٤٧ پلە، ھەڵەبجە ٤٥ بۆ ٤٦) پلە، لە ناوچەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان (٤٩ بۆ ٥٠) پلە دەبێت. 

بەوتەى ئەو شارەزایە" دوابەدوای ئەوە لە مەودای (١٩ بۆ ٢٥)ی مانگ کەمێک کاریگەری ئەم گەرمایە بەرێژەی دوو پلە کەمدەبێتەوە و بەردەوامی دەبێت و گۆڕان لە ماوەکەیدا دەبێت بە درێژبوونەوە یان کەمبوونەوەی ماوەکەی". 

ئاراس جەبار لەبەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا پێشبینیش دەکات، بەگشتی ئەم شەپۆلە گەرمییە ئەگەر ھەیە کۆتا گەرمای بەتینی ھاوینی ئەمساڵ بێت و لە ماوەکانی دواتردا پێشبینی ناکرێت پلەکانی گەرما بەم رادەیە بەرزببنەوە و کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی گەرمی کەم دەبێتەوە لەسەر ناوچەکانی ھەرێم.  


AM:12:02:12/08/2022