حەیدەر عەبادی: دەوڵەتێکی دادپەروەر و خزمەتکردنی خەڵکمان دەوێت

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر پەیامێکی نوێی ئاراستەی لایەنگرانی رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی کرد و دەڵێت" رووبەڕووی گەندەڵکاران ببنەوە تەنانەت ئەگەر لە کەسوکاری منیش بن". 

حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر و سەرۆک وەزیرانی پێشووتری حکومەتی عێراق لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" داوا لە نیشتمانپەروەران و لایەنگرانی هەردوو رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی دەکەم، هاوکاربن بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە و خزمەتکردنی هاونیشتیمانیان و پێکەوە کار بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵکاران بکەن، تەنانەت ئەگەر لە کەسوکاری منیش بن". 

وتیشی" ئێمە دەوڵەتێکی دادپەروەر و خزمەتکردنی خەڵکمان دەوێت، لە دادپەروەریدا بەرفراوانی هەیە، بەڵام بژێوی، بەرژەوەندی و ئاسایشی هاونیشتیمانیان سنووردار نەکەن، لە موڵکی گشتی و تایبەتیش دووربکەونەوە". 

ئەمڕۆ لایەنگرانی ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی لە ناوچەی سەوزی بەغدای پایتەختی عێراق دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و تا ئێستاش خۆپیشاندانەکە بەردەوامی هەیە.


PM:05:40:12/08/2022