بانكێكی نیشتمانی لە كوردستان دادەمەزرێت

 

وا بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا لە هەرێمی كوردستان بانكی نیشتمان بكرێتەوە و بەرپرسێكی حكومەتی هەرێمیش دەڵێ "هاوڵاتیان پارەكانیان لەو بانكە دابنێن، چونكە پارەكانیان مسۆگەر و پارێزراو دەبێت".

مەولود سابیر، بەڕێوەبەری گشتی بانكە بازرگانییەكان بە ماڵپەڕی فەرمانگەی میدیاو زانیاری حكومەتی ھەرێمی كوردستانی راگەیاندووە "بانكی نیشتمان كە بانكێكی حكومییە لە هەرێمی كوردستان دادەمەزرێت و كار دەكات بۆ رێكخستنەوەی بانكە حكومییەكان و بانكە بازرگانییەكان كە لە ئێستادا ژمارەیان ٩٤ بانكە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "هەوڵ دەدەین بانكەكە ببەستینەوە بە بانكی ناوەندی عێراقی و پاشان بە بانكەكانی دەرەوە بۆ ئەوەی هەموو ئەو كردارە بانكییانەی كە بانكە پێشكەوتووەكان ئەنجامی دەدەن، ئێمەش لە بانكی نیشتمان ئەنجامی بدەین".

هەروەها دەڵێت "بە دروستكردنی ئەو بانكە هەموو حەواڵە دەرەكییەكان لە رێگەی بانكە ئەهلییەكانەوە دەكرێت و بە گەڕانەوەی ئەو حەواڵانە داهاتێكی باش بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە".

مەولود سابیر وتویەتی "بانكی نیشتمانی دەبێتە جێگرەوەی هەموو بانكە حكومیەكان لە هەرێم بەڵام بانكە ئەهلییەكان ئیش و كاری خۆیان دەكەن، هەوڵیش دەدەین كە بە زووترین كات ئەو بانكە تەواو بێت بۆ ئەوەی بتوانین سولفەیەك وەربگرین لە بانكی ناوەندی عێراقی بەپێی ئەو رێنماییانەی هەیانە، بۆ ئەوەی لە كوردستان بتوانین پێشینەكان بكەینەوە بەهۆیەوە هاووڵاتیان سوودمەند بن".

ئەو بەرپرسەی حكومەتی هەرێم دڵنیایی بە هاوڵاتیان دەدات و دەڵێت "داوا لە هاووڵاتیان دەكەین لەمەودوا كاتێك ئەم بانكە دەكرێتەوە و دەست بە كار دەبێت پارەكانیان لەو بانكە دابنێن، چونكە پارەكانیان مسۆگەر و پارێزراو دەبێت".





 



PM:07:50:12/08/2022