بەپێی پێشبینییەکان، وەرزی پایزی ئەمساڵ باران بارین دوادەکەوێت و بچڕ بچڕ و لە خوار ڕێژەی ئاساییەوە دەبێت.
سەکۆی کەشوهەوای کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا لەبارەی وەرزی باران بارینی ئەمساڵ دەڵێت" بەهۆی بەردەوامی دیاردەی لانینای مامناوەند لە بەشی ڕۆژههڵات و ناوەڕاستی زەریای هێمن کە پێشبینی دەکرێت ئەم دیاردەیە تا کۆتایی وەرزی پایز بەردەوام بێت و لەوانەشە مەودای کاریگەری درێژە بکێشێت ههر بۆیەش پێشبینی دەکرێت پایزی ئەمساڵمان باران بارین دواکەوێت و ڕێژەی باران بارین لە خوار ئاستی ئاسایی ساڵانی ئاساییەوە دەبێت و شەپۆلەکانی باران بارین بە شێوەیەکی ناڕێك دەبێت، واتا نێوان شەپۆلەکان یەك لە دوای یەك نابێت و دوور دەبێت بۆ (٧ تا ١٥) ڕۆژ".
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشبینی دەکرێت لە ههر سێ مانگی وەرزی پایز باران بارین لە خوار ئاستی ئاسایی ساڵانی خۆی بێت، بۆ وەرزی زستانیش تا ئێستا ڕوون نییە کە ڕێژەی باران بارین بەرز دەکاتەوە بۆ ئاستی ئاسایی ساڵان یان لە خوار ئاستی ئاسایی ساڵان دەمێنێتەوە.
ئەوەش هاتووە" بەپێی سەرجەم لێکدانەوەکانی کەشوههوا ههر چەندە دیاردەی لانینا لەسەر زەریای هێمن بوونی ههیە، بەڵام دەریای ناوەڕاست و دەریای سور ئەمساڵ تا ڕادەیەك چالاکترن لەچاو پارساڵ و پێرار بەمەش ئەگەری باران بارین زیاتر دەکات بۆ سەر کوردستان و عێراق و سوریا و ئوردن، بە پێی ئەوەی دەریای سور و ناوەڕاست ئەمساڵ چالاکترن وا نیشان دەدات کە ئەمساڵ باشتر دەبێت لە پار ساڵ و پێرارساڵ لە ڕووی باران بارینەوە".