دەزگای تەندروستی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت "لە پێناو چاكسازیكردندا ئاوخواردنەوەیان بۆ كارمەندان كردۆتە 3 پەرداخ لە رۆژێكدا".
د.شەماڵ جەبار یاوەر، بەڕێوبەری گشتی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "دەزگای تەندروستی لە خەمی دابینكردنی دەرمان و پێداویستی پزیشكیە بۆ چارەسەری نەخۆش هێزی پێشمەرگە و ئەو كەسانەی پێویستیانە و لەو پێناوەدا ئیدارەی خوار ئێمە بە ئەرك وبەرپرسیاریەتی خۆیان هەڵساون بە كەم كردنەوەی سەرجەم خەرجیە نا پێویست و سەرەتایەكان و ئەمەش سیاسەتی گشتی چاكسازییە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "ئەمە جێگەی دەستخۆشی و سوپاسكردنە نەك رەخنەی بێ بنەما، لە هەوڵەكانمان بۆ چاكسازی لە بچوكترین بوارەوە تا گەورەترینی، ئەو كەسانەی ڕەخنە لە هەر چاكسازییەكی بچوك دەگرن هەڵەن و تێناگەن كە سەرەتای هەزاران كیلۆمەتر تەنها یەك هەنگاوی بچوكە".