تۆمەتبارێک بە تۆمەتی دزی و كێشانی ماددەی هۆشبەر دەستگیركرا


پۆلیسی هەولێر دەستگیركردنی تۆمەتبارێكی بە تۆمەتی دزیكردن و بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر راگەیاند.

پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، نوسینگەی ڕۆژهەڵات، تۆمەتبارێكیان بەناوی (ا. ا. ع.) دەستگیر كرد بەتۆمەتی دزیكردن، دوای دەستگیركردنی تۆمەتبار دانی ناوە بە تاوانەكەی كە بڕی پێنج هەزار دۆلاری ئەمریكی و (١٧) مسقاڵ زێڕ و (٤٥٠) هەزار دیناری عێراقی دزیبوو لە گەڕەكی (٥)ی حەسارۆك.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، تۆمەتبار دانی بەوەشدا ناوە كە ماوەی (١٣) ساڵە بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەرە و ماوەی (٣) مانگە ئازاد كراوە ئەم بڕە پارەیەشی بۆ كڕینی ماددەی هۆشبەر بەكارهێناوە.

پۆلیسی هەولێر دەڵێت "لەكاتی دەستگیركردنی دەست بەسەر ماددەی هۆشبەر لە جۆری (كریستاڵ و حەشیش)دا گیرا، پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ ڕێكخرا بە پێی ماددە (٤٤٣) لە یاسای سزادان وە لەكاتی ئێستادا ڕاگیراوە".




PM:03:45:15/08/2022