لێدوانێكی نوێ لەئەمینداری یەكگرتوو سەبارەت بە كێشەكانی عێراق


ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رایدەگەیەنێت "پێویستە كێشەكانی عێراق بەگفتوگۆی نیشتیمانیانە چارەسەر بكرێت".

ئەمڕۆ مەهدی شوشتەری سەركونسڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی سەردانی سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیان كرد و بەپێی راگەیەنراوی یەكگرتوو، سەڵاحەدین بەهادین رایگەیاند "ئەو كێشانەی كە ئێستا ڕوبەڕوی عێراق بونەتەوە بۆتە هۆی پەكخستنی پەرلەمان و ڕاوەستانی گفتوگۆكان، پێویستیان بە گفتوگۆی نیشتیمانیانە دەبێت بەپێی یاساو دەستور چارەسەر بكرێن".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "چارەسەر نەبونی كێشە و گرفتەكانی عێراق و گەورەبونیان لە بەرژەوەندی هیچ و كەس و لایەنێك نیەو سەرجەم پێكهاتەو نەتەوەكانیش پێكەوە زیانیان بەردەكەوێت، بۆیە گرنگە هەموو لایەك هەوڵی هێوركردنەوەی دۆخەكە بدەن لە چوارچێوەی گفتوگۆیەكی نیشتیمانیانەدا".

لەبەرامبەردا مەهدی شوشتەری، سەركونسڵی كۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندووە "كێشەكانی بەغدا كێشەی هەموو پێكهاتەكانی عێراقە بەبێ جیاوازی، پێویستە كورد ڕۆڵی ئەرێنی لە چارەسەركردنی ئەو كێشانەدا ببینێت، هەروەها كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداش بەپێی دەستور گفتوگۆیان لەسەر بكرێت و چارەسەر بكرێن".




PM:04:19:15/08/2022