رێکخراوی جاسەنە ژمارەیەک خول لەبارەی ( پاراستنی ئەلکترۆنی) یەوە لە هەرێمدا ساز دەکات


رێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕاو میدیا لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا ژمارەیەک خوولی راهێنان و فێربوون لە بواری ( پاراستنی ئەلکترۆنی ) دەکاتەوە، بەرایی ئەو چالاکییەش خوولێکی دوو رۆژە ( یەک شەممە ١٤ ی ئاب و، دوو شەممە ١٥ ی ئاب)ی  لە سلێمانی سازکرد.

ئەو خوولانەی رێکخراوی جاسەنە کە بە پاڵپشتی باڵوێزخانەی سویسرا لە عێراق سازدەکرێت لە چوارچێوەی پرۆژەی ( برەوپێدانی ئازادی رادەربڕین لە رێگای بنیاتنانی توانای رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی مەدەنی لەهەرێمی کوردستان )  دایەو، سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم و هەندێک شارۆچکە بەپێی ئەو پلانەی دانراوە دەگرێتەوە، لە خولی یەکەمدا کە یەک شەممە و دوو شەممە لە سلێمانی سازکرا ٢١ رۆژنامەوان و چالاکوانی کۆمەڵگای مەدەنی لە کەناڵ و رێکخراوە جیاجیاکانەوە بەشداریان تێدا کرد.

لە خوولی دوو رۆژەی سلێمانی دا کە سەردەشت عەزیز پسپۆر و راهێنەری شارەزا، خولەکەی وەک راهێنەر پێشکەش دەکرد، چەندان بابەتی گرنگی گرتە خۆی وەک ( ئێنترنێت چۆن بەکاردێت، پاراستن چییە، بۆچی پاراستنی ئەلکترۆنی گرنگە بۆ رۆژنامەنووسان و چالاکوانان، هەڕەشە ئەلکترۆنییەکان چین، پاراستنی وشەی نهێنی، چۆن لە ئینتەرنێتدا خۆمان بشارینەوە، پاراستنی مۆبایل و کۆمپیتەرەکانتان، پاراستنی زانیارییە کەسیەکان، ڤایرۆس چییە، پاراستنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و، رێگری لە فێلەکان بۆ هاککردنت و چەندان بابەتی تر)و، ئەو بابەتانە بە تیۆری و پراکتیکی لەو دوو رۆژەی خوولەکەدا خوێندران.

خوولەکە کە پاڵپشتی دەکرێت لەلایەن باڵوێزخانەی سویسراوە لە عێراق بۆ سەرجەم ئەو چالاکییە کە سەرتاسەری هەرێم دەگرێتەوەو زیاتر لە ٢٠٠ رۆژنامەوان و چالاکوانی رێکخراوەکان بەشداردەبن، بڕی ١٠ هەزار و ٤٠٠ دۆلاری بۆ تەرخان کراوە.

خوولەکانی سلێمانی کە سێ خول دەبێت، لە رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت CDO بەبێ بەرامبەر سازکراوە، ئەو رێکخراوە هۆڵەکانی خستۆتە خزمەتی رێکخراوەکە بۆ سازدانی ۆرک شۆپ و سمینار و کۆبوونەوەی رێکخراوەکان.



PM:06:20:15/08/2022