هەردوو گۆرانیبێژی دیاری کورد، هەردی سەلامی و ئەفشین شوكری دوەومین دوێت-یان بەناوی (خۆشم ئەوێی) بڵاوكردەوە.
ئەفشین شوكری و هەردی سەلامی لە چەناڵی یوتیوبی تایبەتی خۆیان ڤیدیۆ كلیپی (خۆشم ئەوێی) بڵاویاکردەوە، کە ئەمەش دەبێتە دووەم دوێتی هەردوو گۆرانیبێژ، هەروەها
تێكست و ئاوازی گۆرانییە نوێکەیان لەلایەن هەردی سەلامی دانراوە، ئەفشین شوكری كاری ئەڕێنجمێنتی بۆ كردووە، لە دەرهێنانی ناسڕ حەیدەریە.
هەردی سەلامی لە ساڵی (١٩٨٧) لە سلێمانی لەدایكبووە و خاوەنی چوار براو سێ خوشكە، دەرچووی بەشی شانۆیە لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان، دواتر دەستی بە کاری هونەری کردووە و چەند ساڵێکە ژیانی هاوسەری لەگەڵ پەریسا پێکهێنا.
هەردی سەرەتا کاری دەرهێنانی کردووەو، چەند ساڵێکیشە سەرقاڵی گۆرانییە و لە ماوەیەکی کەمدا ناوبانگێکی زۆری دەرکردووە.
هاوکات ئەفشین شوکری، لە دایکبووی شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستانە، ماوەیەکی زۆرە کاری هونەری دەکات و خاوەنی چەندین ئەلبوم و بەرهەمی جیایە، بەزمانی کوردی و فارسی و تورکی، ئاوازی بۆ زۆر لە هونەرمەندە دیارەکانی کوردستان داناوە، لەهەمانکاتدا دوێتی لەگەڵ چەند هونەرمەندێکی دیاردا هەیە.