هۆكاری سەردانی ئەژی ئەمین بۆ ماڵی بەرپرسێكی یەكێتی ئاشكرابوو


بەختیار كاوانی، بەرپرسێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت "ئەژی ئەمین كە خۆی بە بەرپرسی دەزگای زانیاری دەزانێت وەك سەردانێكی ئاسایی سەردانی ماڵی باوكی كردبوو".
 
بەختیار كاوانی، بەرپرسەكەی یەكێتی بە (رووداو)ی راگەیاندووە "ئەژی ئەمین پیاوێكە بە سەردانێكی ئاسایی هاتبوو، بۆ لێكۆڵینەوە نەهاتبوو، خۆی و براكانی و كەسوكاری هاتوون، ئەو خۆی بە بەرپرسی دەزگای زانیاری دەزانێت كە هاتووەتە لای ئێمەش قسەی زۆر باش و گونجاو و لۆژیكی كرد، بۆیە هاتنی ئەو شتێكی نامۆ نەبوو، ئێمە بەرپرسی حیزبەكان و وەزیری پارتی و بەرپرسانی گۆڕان و لایەنەكانی دیكەش سەردانیان كردووین، ئێمە عەشائیرین و ئەو شوێنەی ئەژی هاتووە ماڵی باوكم بووە و هەر كەس بێت لەسەر سەرمانی دادەنێین".  

هەروەها وتویەتی "د.بەرهەم و د.رێواس و كاك قوباد و هەموو سەركردایەتی یەكێتی بەبێ هیچ لێدەركردنێك هەموویان جارێك و دوو جاریش پەیوەندییان كردووە."  

چەند رۆژێك لەمەبوەر بەختیار كاوانی كە بەرپرسی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتییە لە شاری هەولێر، لە هەوڵێكی كوشتن رزگاری بوو كاتێك لە كلكە سماق تەقە لە ئۆتۆمبێلەكەی كرا.   



PM:09:54:16/08/2022