نوسەرێکی دیاری باشوری کوردستان کۆچی دوایی کرد

نوسەری دیاری سلێمانی و باشووری کوردستان، محەمەد رەشید فەتاح ئەمشەو ١٦ ی ئاب لە سلێمانی کۆچی دوایی کرد.

محەمەد رەشید فەتاح بە یەکێک لە نوسەرە دیار و بە ‌هەڵوێستەکانی باشووری کوردستان دەژمێردرێت کە بە درێژایی تەمەنی قەڵەمی لە خزمەتی گەلەکەیدا بووە، لە سەردەمی رژێمی پێشووی عێراقدا بە پاکی ماوەتەوەو لە دوای راپەڕینیشەوە رێزی لە خۆی قەڵەمەکەی گرتووەو نەبۆتە نووسەرێکی دەرباری حیزبە باڵا دەستەکانی کوردستان.

محەمەد رەشید فەتاح لە ساڵی 1942 لە شاری سلێمانی لە دایک بووە و دەرچووی پەیمانگەی مامۆستایانە و یەکێکە لەو نووسەرانەی لە کۆتایی ساڵانی شەستەکانەوە دەستی بەبڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی کردووە، وەک بوار نورەدین پسپۆر لە بواری بیبلۆگرافیادا دەلێت: مامۆستا محەمەد ڕەشید فەتاح یەکەم کەس بووە لە ساڵی 1969دا، لە گۆڤاری رزگاری دا وشەی بیبلۆگرافیای لە نووسینێکدا بەکارهێناوە.

مامۆستا بە یەکێک لە چیرۆکنووس و نووسەرە دیارەکانی باشوری کوردستان هەژمار دەکرێت و بەدەیان چیرۆک و ڕۆمان و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی بڵاوکردۆتەوە. لە کتێبە بڵاوکراوەکانی: 1- ژیان و ئەشکەنجە، کۆمەڵەچیرۆک-1969. 2- تروسکاییەک لە شەوەزەنگدا، کۆمەڵەچیرۆک-1972. 3- گەشتی دووەمی ئەپۆلۆ، کۆمەڵەچیرۆک-1977. 4- درەختی ئورخیش پوازی لەخۆیەتی، کۆمەڵەچیرۆک-1985. 5- هەڵۆکانی ژێرخاک، کۆمەڵەچیرۆک-1999. 6- سێ شانۆنامەی خۆماڵی، 2004. 7- حیکایەتەکانی وەهم و حەقیقەت، کۆمەڵەچیرۆک-2009.

نووسەر ڕۆمان 1- دیوەخان، 1995. 2- ئەنفال، 1997. 3-ئەفسانەی میرەگوڵ، دووجاپ، 2001 و 2009. 4- ساباتێک لە مێژەلۆک، 2009. 5-قسەکردن لە شکست، قسەکردنە لە نائومێدی، 2013 نووسیوە.

لە بورای لێکۆڵینەوەش لە ئەدەبی منداڵان: 1- ئەدەبی منداڵان و لێکۆڵینەوە، دوو چاپ 1974 و 2009. 2- کەسێتی منداڵ لە باخچەی ساوایاندا، 2013. [1] نووسیووە.




PM:11:54:16/08/2022