فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەرپرسێک دەرچوو
لەبەغدا دزیوویەتی و لە هەولێر هۆتێلی پێ کڕیوە


دەستەی دەستپاکی عێراقی ئاشکرای کرد ئەو بەرپرسەی وەقفی سونی دەستگیردەکات کە هۆتێل ڕامادا لە هەولێر بە ٤٧ ملیار دینار کڕیووە.

دەستەی دەستپاکی عێراق لە ڕاگەیه‌نراوێکدا کە ئەمڕۆ ١٩ ی ئاب بڵاویکردەوە، "دادگای لێکۆڵینەوە لە ناوچەی کەرخ لە بەغدا، کە تایبەتە بە کەیسەکانی دەستپاکی، فەرمانی گرتن و پشکنینی بۆ سەرۆکی پێشووی یەکێک لە دیوانەکانی وەقفی سووننە دەرکردووە." 

لەو راگەیاندنەی دەستەی دەستپاکیدا هاتووە "دادگا فەرمانی گرتنی بۆ یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی کارگێڕی و وەبەرهێنانی پارەی وەقفیش دەرکردووه‌، لەگەڵ دەرکردنی فەرمانی گرتن بۆ یاریدەدەری بەڕێوەبەری بەشی یاسایی ئەو دەستەیە." 
 
هۆکاری دەرکردنی ئەم فەرمانانە، وەک دەستەی دەستپاکی ئاشکرای دەکات، کڕینی هۆتێل رامادایە لە هه‌رێمی كوردستان له‌ پارێزگای هەولێر لەلایەن دیوانی وەقفەکەوە بە ٤٧ ملیار دینار کە پێشتر کۆمپانیایەکی گەشتیاری خاوەنی بوو کەچی دیوانەکە دواتر هۆتێلەکەی ساڵانە بە کرێی یەک ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دیناری عێراقی و بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ دایەوە بە هەمان کۆمپانیا، ئەمەیش زیانی بە سامانی دیوانی وەقفەکە گەیاندووە." 
 
هۆتێل رەمادا یەکێکە لە هۆتێلە راقییەکان و زۆرێک لە بۆنەی قونسڵ و دەزگاکانی حکومەت و کۆبوونەوە و سمینارە باڵاکانی حیزبەکان  لە هۆتێڵە سازدەکرێت.



PM:09:47:19/08/2022