بڕیارێكی توند سەبارەت بە بەنزینخانەكان دەردەچێت


بڕیاردراوە لەسەرەتای مانگی داھاتوو هەر بەنزینخانەیەك سەرپێچی بكات و بەنزینی خراپ بفرۆشێت بەنزینخانەكانیان دابخرێن.

ئاری كاكەشین، بەڕێوەبەری سوتەمەنی ھەولێر بە ماڵپەڕی پارتی دیموكراتی كوردستانی رایگەیاندوە، ھەندێك بەنزینخانە چەند جارێك سزادراون و بۆ ماوەیەكیش داخراون، بەڵام ھەر پابەند نابن و جارێكی دیكە بەنزینی خراپ دەفرۆشن و ھەیە چەندین جار سزایان داون، بۆیە داوایان كردووە لە قایمقامیەت كە پێویستە لەمەودوا رێكاری توندتر بگرینەبەر بۆ ئەوەی سزای قورستریان بدەن و ھیچ بەنزینخانەیەك بەنزینی خراپ نەفرۆشێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردوە، بۆ ئەوەی ھیچ بەنزینخانەیەك بەنزینی خراپ نەفرۆشێت لەسەرەتای مانگی داھاتوو ئەو بەنزینخانانەی بەنزینی خراپ بفرۆشن بەیەكجاری دادەخرێن، بۆیە لەسەرەتای مانگی داھاتوو ئەو بڕیارە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

هەروەها دەڵێت "حكومەت خۆی ئێستا كوالێتی ئەو بەنزینەی دابەشی دەكات زۆر باشی كردووە كە نرخەكەی ٨٠٠ دینارە، بۆیە ناكرێت بەنزینخانەكان بەنزینی خراپ بفرۆشن".



PM:10:26:24/08/2022