"دیاردەی نووشتەو جادوو خەریكە زیاتر تەشەنە دەكات و خەڵكێك هەیە خۆی پێ دەوڵەمەند دەكات"

 

وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ئاشکرای کرد، دیاردەی نووشتەو جادوو و سیحر خەریكە زیاتر تەشەنە دەكات و خەڵكێك هەیە خۆی پێ دەوڵەمەند دەكات، ڕووداوی كۆمەڵایەتیشی لێ دەكەوێتەوە.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كارووباری ئایینی ڕاگەیاند، "دوو ساڵ بەر لەئێستا وەزیری ئەوقاف و كارووباری ئایینی بۆ ڕێگری كردن لەدیاردەی نووشتە و سحر و جادوو نووسراوێكی ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆ كرد بە مەبەستی گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی بەرامبەر ئەوكەسانەی ئەوكارە دەكەن، چونكە دیاردەكە لەكوردستان زۆر بوو، وەزارەتی ناوخۆش تەواوی بنكەكانی پۆلیسی ڕاسپارد بەهاوكاری تیمەكانی ئێمە ڕێگری لەم جۆرە كەسانە بكەن كە نوشتە و جادوو و سیحر دەكەن".

وتیشی " هەر لەسەرەتاوە ١٠٠ شوێن دەستنیشانكرا تاوەكو ڕێكاریان بەرامبەر بگیرێتەبەر، لەگەڵ بەشێكی زۆریان بەقۆناغ لێپرسینەوەیان لەگەڵ كرا كە بەشێكیان سزادران، بەشێكیش دەستگیركران و بەشێكیش بەكەفالەت ئازادكران، ژمارەیەكیشیان ڕووبەڕووی دادگا كرانەوە".

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، بەشی زۆری ئەوكەسانەی نوشتە و جادوو دەكەن مامۆستای ئایینی نین، ئەوكەسانە فەرمانبەری ئەوقاف نین، بەڵام لەڕێگەی مزگەوتەكانەوە كە ٣٢٠٠ مزگەوتن ڕێنمایی و هۆشیاری دەدەن بەخەڵك تاوەكو هاووڵاتیان هۆشیارببنەوە و هەر حاڵەتێكی لەم شێوەیەیان بینی ئاگادارمان بكەنەوە، ئەگەر ئەو بابەتە لەهەر شوێنێك هەبێت پۆلیس ئاگادار دەكەینەوە.

ناو براو دەشڵێت "بابەتی سیحر و نووشتەو جادوو پارەخواردن و دەستبڕینە، مامۆستای ئایینی نین ولەژێر پەردەی جیا جیا ئەوكارە دەكەن، دەبێت دەزگاكانی جێبەجێكردن ڕێكاری تووندتر بگرنەبەر، چونكە ئەو دیاردەیە خەریكە زیاتر تەشەنە دەكات و خەڵكێك هەیە خۆی پێ دەوڵەمەند دەكات، ڕووداوی كۆمەڵایەتیشی لێ دەكەوێتەو"ە.



PM:03:22:25/08/2022