بەهۆی فرۆشتنی بەنزینی خراپ ٢٦٥ بەنزینخانە سزادران

پارێزگاری هەولێر لە ڕاگەیاندراوێکدا رایگەیاند، "لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا نزیکەی ٢٦٥ بەنزینخانەیان سزاداوە".


ئەمڕۆ شەممە ٢٧ ی ئاب، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند " بەمەبەستى لەنزیکەوە ئاگاداربوون لەکارەکانى لیژنەکانی بەدواداچوون و چاودێرییکردنى بەنزینخانەکان و چۆنیەتى دابەشکردنى بەرھەمی بەنزینی جۆری ٨٠٠ دیناری نۆرماڵ، کە ئێستا لە بەنزینخانەکانی هەولێر دەستدەکەوێت، سەردانی یەکێک لە بەنزینخانەکانمان کرد".


ئەوەشی ڕاگەیاند " دڵنییای دەدەینە هاوڵاتیان، ئەگەرچى ماوەیەکە دەستمان بە گرتنەبەری رێککار کردووە لەگەڵ ئەو بەنزینخانەى کە دەستکاری كوالیتی به‌نزین دەکەن و بەنزین خراپ دەفرۆشن بەهاووڵاتیان، کە لەسەرەتاى مانگى شەشى ئەمساڵ تاوەکو ناوەڕاستى ئەو مانگە نزیکەی ٢٦٥ بەنیزنخانە سزادراون، بەڵام لە ئەمڕۆوە رێککارەکانمان توندر دەبن و هەوڵەکانمان چڕتر دەکەینەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بەنزین".


وتیشی " هەر بەنزینخانەیەک کە زیاتر لەجارێک سەرپێچی بکات و پابەند نەبێت بە ڕێنمایەکان و دەستکاریکردنى كوالیتی به‌نزین بکات و بەنزینى خراپ بەهاوڵاتیان بفرۆشێت، بەنزینی ٨٠٠ دیناری پێنادرێت و بۆ ماوەیەکی زۆریش دایدەخەین".



PM:06:46:27/08/2022