حکومەتی هەرێم لەسەر ‌قسەکانی سەرۆکی پەرلەمان ڕاگەیاندراوی بڵاوکردەوە

ئەمڕۆ یەک شەممە، ٤ی ئەیلول  جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەتیکردەوە دەستکاری یاسای مافی بە دەستھێنانی زانیاری بکات وەک ئەوەی ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دوێنێ باسیکردبوو

دەقی ڕاگەیەنراوەکە بەم شێوەیەی خوارەوە هاتووە

بەڕێز د.رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ رێکخراوە ناحکومییەکانی سلێمانی و ھەڵەبجە، ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەیەوێت دەستکاری (یاسای مافی بە دەستھێنانی زانیاری) بکات، ئێمە لێرەوە رای دەگەیێنین کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ھیچ ویستێکی لەو چەشنەی نییە و ھیچ داوایەکی لەو جۆرەشی بۆ ھەموار کردنەوەی ئەو یاسایە، ئاراستەی پەرلەمانی کوردستانی نەکردووە

سەبارەت بە دەرچوواندنی رێنماییەکانی یاسای مافی بە دەستھێنانی زانیاری، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە رێکەوتی ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، بە بریاری ژمارە (١٥٧) و لە خاڵی سێیەمدا ھەریەک لە سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران، فەرمانگەی میدیا و زانیاری و دەستەی سەربەخۆیی مافەکانی مرۆڤی راسپاردووە، بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی رێنمایی ئاسانکاری جێبەجێکردنی یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری لە ھەرێمی کوردستان. لێرەوە سوپاسی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەکەین کە دوای دوو مانگ و نیو لە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، پاڵپشتی خۆی بۆ دەرچوواندنی رێنماییەکان دەربڕی

حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە پابەندی پەیڕەوکردنی شەفافیەتە لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی و بەکردەییش ئەوەی جێبەجێی کردووە

 

د.جوتیار عادل

وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان

٣ی ئەیلولی ٢٠٢٢ 



AM:09:41:04/09/2022