راگەیەندراوی کۆبوونەوەی بارزانی و سەرکردەی پارتە سیاسییەکان

لەپێناو ڕاوێژ و ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا و قسەکردن لەسەر گرتنەبەری ھەڵوێستی پتەو و یەکڕیزیی نیشتمانی لەبەرانبەر ھەڕەشەکاندا ئەمڕۆ دووشەممە ١١ـی ٨ـی ٢٠١٤ لە سەلاحەدین بە سەرپەرشتیی مەسعود بارزانی سەرکردە باڵاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان کۆبوونەوە.

لەم کۆبوونەوەیەدا ڕووداوەکانی ئەم دوایە و پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر خاک و خەڵکی کوردستان خرایە بەر باس و بە وردی بارودۆخی مەیدانیی ھێزەکانی پێشمەرگە لە بەرەکانی ڕووبەڕووبوونەوە و کاردانەوە سیاسییەکانی ھێرشی تیرۆریستان بۆ سەر کوردستان ھەڵسەنگاندنی بۆ کرا و کۆبوونەوەکە جەختی لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی ھەموو جۆرە کەموکوڕییەک لە بەرەکانی جەنگ و ھەروەھا دیاریکردنی ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی ھەرچی زیاتری ئاساییشی ھەرێمی کوردستان کردەوە.

لایەنە سیاسییەکانی بەشداربووی کۆبوونەوەکە پشتگیریی تەواوی خۆیان بۆ ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دووپات کردەوە و سوپاسی خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییان کرد لە خۆڕاگرییان و ھەستکردنیان بە بەرپرسیارێتی بۆ پاڵپشتیکردنی پێشمەرگە و یارمەتیدانی ئاوارەکان و ھەروەھا سوپاسی پشتیوانی و بەدەنگەوەھاتنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دۆستی گەلی کوردستانیان کرد و داوایشیان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە لە پاراستنی ئاوارەکان و حەواندنەوەیاندا یارمەتیی ھەرێمی کوردستان بدەن ھەتا ئەو کاتەی دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

بەشداربووانی کۆبوونەوەی پێنج لایەنی سیاسی لەگەڵ بارزانی داوایان لە ھەموو ھێزە سیاسییەکان و خەڵکی کوردستان کرد کە لەم کاتە ھەستیارەدا بە یەکھەڵوێستی یەکڕیزیی نیشتیمانی بپارێزن و جەختیشیان لەوە کردەوە کە ھەموو ھێزە بەشداربووانی بەرەکانی جەنگ پێویستە دوور بن لە نەفەسی حزبی و داوایشیان لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردستان کرد کە بە چاوکراوەیی و ھەستکردنی زیاتر بە بەرپرسیارێتی مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکان بکەن و ڕەچاوی بەرژەوەندی و ئاساییشی نەتەوەیی ھەرێمی کوردستان بکەن.

پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش تەوەرێکی ئەم کۆبوونەوە بوو و تێیدا بەشداربووانی کۆبوونەوەکە ئیدانەی ھەموو جۆرە ھەوڵێکیان لە بەغدا کرد کە بۆنی تێکدانی پڕەنسیپی تەوافوق و کۆدەتای سەربازی لێ بێت و پاڵپشتیی تەواوی خۆیشیان بۆ بەڕێز د. فواد مەعسووم سەرۆک کۆماری عێراق و پڕۆسەی دیموکراتی و دەستووریی عێراق ڕاگەیاند و ھیواشیان خواست بەزووترین کات کۆتایی بە قەیرانی سیاسی بێت. سەبارەت بە پڕۆسەی پێکھێنانی حکوومەت کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند کە ڕێز لە ھەر بڕیارێک دەگرن کە لە لایەن ھاوپەیمانێتیی نیشتیمانییەوە بگیرێتە بەر.

لایەنە سیاسییەکانی بەشداربووی ئەم کۆبوونەوەیە بڕیاریاندا کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشھاتەکان و چارەکردنی گرفتەکان میکانیزمی گونجاو بگیرێتە بەر و ڕاگۆڕینەوە و کۆبوونەوەکانیشیان بەردەوام بێت.



PM:09:40:11/08/2014