پێشبینییەکى نوێ لەبارەی دۆخی باران بارین و پایز و زستانی ئەمساڵ دەخرێتەڕوو

لوقمان حەوێز، ئەندامی کۆمەڵەی گەردونناسی تێکساس ڕایدەگەیەنێت" پێشبینی دەکرێت لە سێ مانگى زستاندا ڕێژەی دابارین لایەنی کەم بەشێوەیەکی بەرچاو باشتر بێت بە بەراورد بەڕێژەی دابارین لە دوو ساڵی ڕابردوودا". 

دەقى ڕاگەیەندراوەکە بەمشێوەیەیە:  

بابەتەکە بە کورتی دەخەمەڕوو، پێشەکی دەبێت بزانین کە ئەم پێشبینانەی من باسیان دەکەم بۆ ئاو و هەوا و تێکڕای دابارینی ئەم پایزە و زستانی داهاتوو بۆ ناوچەی باکوری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بە کوردستانی خۆمانیشەوە، پێشبینیەکانیش لەسەر بنەمای هەندێک زانیاری نوێ بەرجەستە کراون و بەشێوەیەکی زانستی ئامادەکراون لە ڕێگەی چەند مۆدێلێکی ئاو و هەوا، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم پێشهاتانە بۆ ئەم مانگەن تا پێنج مانگی داهاتوو بۆیە مەرج نیە کت و مت وەک خۆیان بێنە دی، لە ئامادەکردنی هەر مۆدێلێکی کەش وهەوا بۆ هەر ناوچەیەک و هەر کاتێک کە ئەنجام دەدرێت ڕێژەی هاتنە دی ئەو پێشبینیانە سەدا سەد نین، ئەمانەی لێرەش دەیان خەمە ڕوو ئەگەری ئەوەی ڕێک وا دەربچن بەنزیکەیی لە نێوان 50% بۆ 70% دایە…  

کورتەی پێشبینەکانیشم لە چوار خاڵدا دەخەمە ڕوو کە ئەمانەن:  

یەکەم: لە مانگی نۆ و دە و یانزەش ئەگەری ئەوەی تێکڕای پلەکانی گەرما لە سەروی تێکڕا ئاساییەکان بن 40% دەبێت، ئەگەری ئەوەش کە تێکڕای ڕێژەی دابارین لە خوار تێکڕا ئاساییەکەی بێت 50% دەبێت، واتە پایزێکی نیمچە وشک و هەندێک گەرمتر لە ئارادا دەبێت بە بەراورد بە دۆخی پایزێکی ئاسایی… 

دووەم: لە مانگی دوانزە و یەک و دوو ئەگەری ئەوەی تێکڕای پلەکانی گەرما لە سەروی تێکڕا ئاساییەکان بن هەر نزیکەی 40% دەبێت، بەپێی زۆربەی مۆدێلەکانیش تێکڕای ڕێژەی داباراین نزیک دەبێت لە تێکڕای ئاسایی ڕێژەی دابارین بۆ زستان کە ئەمەش دڵخۆشکەر دەبێت، واتە پێشبینی دەکرێت لەو سێ مانگەدا ڕێژەی دابارین لایەنی کەم بەشێوەیەکی بەرچاو باشتر بێت بە بەراورد بە ڕێژەی دابارین لە دوو ساڵی ڕابردوودا لەهەمان ئەو سێ مانگەدا…  

سێیەم: ئەو پێشبینی و ئەگەرانەی باس لە زسانێکی زۆر سەخت و زۆر ساردتر دەکەن لە زساتانەکانی پێشووتر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەی خۆشمان جارێ ئەگەری زۆر لاواز و بێ بنەمان، لە ئێستادا هیچ زانیاری و هیچ مۆدێلێکی تۆکمە نیە پێشبینیەکی ئاوا بخاتە ڕوو…  

چوارەم: ئەگەری مانەوەی دۆخی دیاردەی لانینا لەم پایزەدا بە ڕێژەی 67% دەبێت ئەگەر چی دیاردەکە لە مانگی دوانزەوە لاوازتر دەبێت و لە کۆتایی ساڵ و مانگی یەکیشدا ئەگەری مانەوەی دۆخی لانینا کەمتر دەبێتەوە بۆ ڕێژەی 45%، دیاردەی لانینا بریتیە لە ساردبوونەوەی سەر ڕووی پانتاییە ئاویەکانی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی زەریای هێمن لە نزیک هێڵی کەمەری ناوەڕاست بە بڕی 3 بۆ 5 پلەی سەدی، ئەم دیاردەیە بە زۆری لە نێوان 3 بۆ 5 ساڵ جارێک ڕوودەدات و بەزۆریش لایەنی کەم لە پێنج مانگ بۆ نزیکەی ساڵێک بەردەوام دەبێت، هەندێک جاریش بۆ دوو ساڵ و پتریش بەردەوام دەبێت وەکو ئەم جارە... 


PM:07:33:04/09/2022