پێناسەیەک بۆ {حیکایەتەکانی ژیان}


ژیان پڕە لە  بەسەرهات  و ڕووداو  و کارەسات ، بێگومان لە نێو ئەو بەسەرهاتانەدا هەن کە بەهۆی ناوازەیی ،سەرنجڕاکێشی و گرنگیانەوە شایانی ئەوەن خەڵکانی دیکە پێیان ئاشناببن  ،چونکە ئەو ڕووداو و بەسەرهاتانە لەوجۆرانەن کە تەنها یەک جار ڕوودەدەن و دووبارە نابنەوە ،بۆیە گەرەکە کەسەکە  وەک کامێرامانێکی بەسەلیقە لەهزری خۆیدا ڕووداوەکە ڕەکۆرد  بکات و پاشان لە ڕێگەی یاداشکردنیان لە دووتوێی کتێبدا دوای داڕشتنی لە قاڵبێکی ئەدەبیدا بەخوێنەریان ئاشنابکات.

گێڕانەوەی ڕووداو و بەسەرهاتەکان لەشێوەی حیکایەتدا، گەر لەڕووی داڕشتنەوە جوانکاری تێدا نەکرێت و  زمانی ئەدەبی تێدا بەکار نەهێنرێت و سەرنجی خوێنەر ڕانەکێشت ،ئەودەمە دەبێتە گێڕانەوەیەکی وڕشک و  بزاوت و بێ گیان.

کتێبی [حیکایەتەکانی  ژیان] ی گۆران هەڵەبجەیی کۆمەڵێک  ڕووداو لەخۆدەگرن کە بەسەرخودی خۆیدا هاتوون ،یان وەک ئامادەبوویەکی نزیکی ڕووداوەکە وجودی هەبووە یاخود لەزاری کەسانی دیکەوە بیستوونی  یا خوێندوونیەتەوە ، بەتایبەت ئەوانەی زۆر زۆر سەرنج ڕاکێش و پڕ فەنتازیا و هەست بزوێنن پاش ئەوەی خۆی ناونیشانی گونجاوی بۆداناون ، سەرجەمیان بەنێوی{ حیکایەتەکانی ژیان} لە دووتوێی ئەم کتێبەدا یاداشت کردون.
 
وێرای ئەم حیکایەتانە کەژمارەیان {42}حیکایەتە،{10} دانە حیکایەتی دیکەشیان لەتەکدا چاپکراوە بە نێوی {حیکایەتەکانی کرێتا} کە لەسەر هەمان ڕیتم و میتۆدن ،تەنها جیاوازی ئەوەیە کە هەرهەموویان تایبەتن بە دوورگەی [کرێتا] لەیۆنان ،کە لە ئەنجامی سەفەرەکانیدا بۆ ئەو دوورگەیە کۆیکردوونەتەوە.




PM:12:47:07/09/2022